رێژەی وەرگرتنی دەرچووانی خولی یەكەم لە زانكۆكان دیاریكرا

  • ته‌مموز 3, 2018
  • 1106 Views
رێژەی وەرگرتنی دەرچووانی خولی یەكەم لە زانكۆكان دیاریكرا

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند لەپێناو تێكەڵبوون و سوود وەرگرتن لە سیستمە نێودەوڵەتییەكانی خوێندن و زووتر دەستكردن بەدەوام، بەتایبەت خوێندكارانی قۆناغی یەك، ئەمساڵ ڕێژەی وەرگرتن تا (70%) بۆ دەرچووانی خولی یەكەمی پۆلی 12ی ئامادەیی دەبێت.

ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە میانەی سەرپەرشتیكردنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت هات، كە بەگرنگییەوە باسی لە گۆڕانكاری لە سیستمی وەرگرتن كرد و رایگەیاند: هەوڵی تەواو دەدەین‌ هاوشێوەی وڵاتانی دونیا ساڵی داهاتوو تەنها دەرچووانی خولی یەكەم وەربگرین، ئەوەش بۆ ڕێكخستنەوەی كاروباری دەوامی خوێندكارانە‌ لە زانكۆكاندا.

لە كۆبوونەوەكەدا ساڵنامەی خوێندنی زانكۆكان خرایە دەنگدانەوە و ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا ئەو ساڵنامەیە جێبەجێ بكرێت، هەروەها زانكۆكانیش سەرپشكران ئەوەی لە توانایدا بوو ئەمساڵ دەتوانن جێبەجێی بكەن، لەهەمان كاتیشدا كۆبوونەوەكە بڕیاریدا هەر خوێندكارێك پابەند نەبوو بە ڕۆژەكانی دەوام و پشوو ڕێژەی (10%) نەهاتنی تێپەڕاند دەبێت ئەو ساڵە بەكەوتوو بۆی هەژمار بكرێت، هەر لە كۆبوونەوەكەدا درێژكردنەوەی ماوەی خوێندنی باڵا رەتكرایەوە كە لەلایەن خوێندكارانی خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆرەوە داواكراوە.