ووتاری سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ دوه‌مین كۆنفرانسی ته‌ندروستی و زانسته‌ پزیشكیه‌كان

  • 2018-07-23
  • 1473 Views
ووتاری سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ دوه‌مین كۆنفرانسی ته‌ندروستی و زانسته‌ پزیشكیه‌كان

پاش ئه‌وه‌ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دوشه‌مه‌ 2018/7/23 له‌ شاری پزیشكی فاروق دووه‌مین كۆنفرانسی ته‌ندروستی و زانسته‌ پزیشكییه‌كان ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد ، له‌ پاش وتاری به‌خێرهاتن كه‌ له‌لایه‌ن د. محمد بابكر مینه‌ راگری كۆلێجی ته‌كنیكی ته‌ندروستی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانییه‌وه‌ پێشكه‌ش كرا ، دواتر له‌لایه‌ن پ.ی.د.تالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانیه‌وه‌ ووتارێك پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووانی كۆنفرانس كرد

سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ پاش به‌خێرهاتنی میوانه‌كان و ده‌ستخۆشی له‌ لیژنه‌ی باڵای دوه‌مین كۆنفرانسی ته‌ندروستی و زانسته‌ پزیشكیه‌كان ، ڕۆڵ و كاریگه‌ری كۆنفرانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی به‌رز نرخاند به‌ ئاراسته‌ی پێشخستنی ئاستی زانستی ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ زانستییه‌كان له‌ كوردستانداو ڕایگه‌یاند كه‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی درێغی نه‌كردوه‌ له‌و بواره‌دا و تا ئێستا چه‌ندین كۆنفرانسی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی سازداوه‌و سودمان له‌ به‌هره‌و تواناو لێهاتوییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان وه‌رگرتوه‌و توانیومانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی زانستی دروست بكه‌ین و تا ئێستاش زیاتر له‌ 50 ڕێككه‌وتنی زانستیمان له‌گه‌ڵ زانكۆو داه‌زگا زانستییه‌كانی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ ئه‌نجاممداوه‌ .

له‌ درێژه‌ی ووتاره‌كه‌یدا پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین ئاماژه‌ی كرد به‌ پشتگیرییه‌كانی به‌ڕێز جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیری خوێندنی باڵا بۆ سه‌رجه‌م كاره‌كانیان و داوای كرد زیاتر گرنگی به‌ زانكۆكان بدرێت له‌ پێناو پێشخستنی ئاستی زانستی زانكۆكان و به‌هره‌داركردنی خوێندكاران له‌ زانسته‌ جۆراوجۆره‌كاندا تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بكرێت.

له‌كۆتاییدا سوپاسی ئاماده‌بوونی میوانه‌كان و توێژه‌رانی بواری ته‌ندروستی كرد كه‌ به‌ به‌رهه‌مه‌كانیان كۆنفرانسه‌كه‌ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كه‌ن، هیوای خواست ئه‌نجام و ڕاسپارده‌كانی كۆنفرانس كاری جدی له‌سه‌ر بكرێ و سودبه‌خش بێ. هه‌روه‌ها سوپاسی شاری پزیشكی فاروقی كرد كه‌ هه‌میشه‌ پشتیوانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بوون.