هه‌وڵ بۆ كردنه‌وه‌ی په‌یمانگای ته‌كنیكی پێنجوێن ده‌درێت

  • ته‌مموز 29, 2018
  • 1705 Views
هه‌وڵ بۆ كردنه‌وه‌ی په‌یمانگای ته‌كنیكی پێنجوێن ده‌درێت

به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی په‌یمانگایه‌كی ته‌كنیكی له‌ قه‌زای پێنجوێن ، ده‌سته‌ی كارگێڕی قه‌زاكه‌ سه‌ردانی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ده‌كه‌ن.

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 29 ی تموزی 2018 پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی پێشوازی كرد له‌ به‌ڕێزان زانا ڕحمان ڕحیم قائیمقامی قه‌زای پێنجوێن و غریب علی فتح الله‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گه‌رمك و هێمن ابراهیم ڕحمان به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ناڵپارێز.

له‌ دیدارێكدا قائیمقامی قه‌زای پێنجوێن باسی له‌ سنوری كارگێڕی و جوگرافی ناوچه‌كه‌یان كرد و به‌ پێویستی زانی كه‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی هه‌وڵه‌كانی بخاته‌ كار بۆ كردنه‌وه‌ی په‌یمانگایه‌كی ته‌كنیكی له‌ ناوه‌ندی قه‌زاكه‌یاندا و ئه‌ویش بێگومان سودی گشتی تیدایه‌و خوێندكاران و خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ سودی ته‌واوه‌تی لێده‌بینن.

له‌ به‌رامبه‌ردا پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ڕایگه‌یاند قه‌زای پێنجوێن یه‌كێكه‌ له‌ شاره‌جوانه‌كانی پارێزگای سلێمانی و له‌ خه‌باتی ڕزگاری نیشتمانیشدا خاوه‌نی سه‌دان شه‌هید و داستانی بێ وێنه‌یه‌و هه‌ر بۆیه‌ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی ئه‌و سنوره‌ ئه‌ركه‌ له‌سه‌رمان و به‌ڵێنی پێدان كارئاسانییان له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ بكات و هه‌رچی بكرێت بۆ خزمه‌تی شاری پێنجوێن درێغی نه‌كات.

#به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندن و چالاكییه‌كانی زانكۆ