میكانزمەكانی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی دیاریكردنی ئاستەكان بۆ خولەكانی پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی دیاریكران

  • ئه‌یلول 22, 2018
  • 489 Views
میكانزمەكانی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی دیاریكردنی ئاستەكان بۆ خولەكانی پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی دیاریكران

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ماوەی رابردوودا بڕیاریدا بەكردنەوەی خولی پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی بۆ كاندیدانی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا و خوازیارانی نازناوی زانستی كە تاقیكردنەوەی ستانداردی نێودەوڵەتیان ئەنجام داوە، بەڵام نمرەی پێویستیان بەپێی رێنماییەكان بەدەستنەهێناوە.

لەو چوارچێوەیەدا و بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ ڕێكخستن و بەڕێوەچوونی رۆژی تاقیكردنەوە و دیاریكردنی ئاستەكان، لە دیوانی وەزارەت بەسەرپەرشتی د.ئامانج سەعید راوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كۆبوونەوەیەكی فراوان لە نێوان سێنتەرەكانی زمانی ئینگلیزی و ڕێكخراوی (AMIDEAST)ی ئەمریكی بەڕێوەچوو، لەبەر ڕۆشنایی ڕێنمایی ژمارە (٥) ی ساڵی (٢٠١٨) ئەم بڕیار و ڕێنماییانەی خوارەوە دەركران:

1. سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكانی (سەڵاحەددین/هەولێر – سلێمانی – دهۆك و ڕاپەڕین) دیاریكران بۆ ڕۆژی ئەنجامدانی تاقیكردنەوە بۆ دیاریكردنی ئاستەكان.

2. ڕێكەوتی (24/9/2018) دوا وادەیە بۆ خۆتۆماركردن لە یەكێك لەو سێنتەرانەی سەرەوە.

3. تاقیكردنەوەكە بۆ سەرجەم كاندیدەكانی ماستەر و دكتۆرا و، خوێندكارانی دكتۆرایە‌ جا چ لە كەرتی حكومی بن، یا تایبەت كاربكەن، لە هەمان كاتدا خوازیارانی بەدەستهێنانی نازناوی زانستی و كاندیدانی بۆردی كوردستانی ساڵی (2016-2017) و (2017-2018) دەگرێتەوە.

4. خوازیار مەرجە یەكێك لە تاقیكردنەوەكانی (IELTS, TOEFL, PTE) ئەنجامدابێت، یان پێش ڕێكەوتی ئەنجامی تاقیكردنەوەی دیاریكردنی ئاست، خۆی بۆ یەكێك لەو تاقیكردنەوانە تۆمار كردبێت.

5. ئەنجامی یەكێك لە تاقیكردنەوەكانی (IELTS, TOEFL, PTE)، لەگەڵ ئەنجامی ئەو تاقیكردنەوەیەی لە ڕێكەوتی (26/9/2018) بەڕێوەدەچێت دەبێتە بنەمای سەرەكی بۆ دیاریكردنی ئاست (Level) و ماوەی خولی زمانی ئینگلیزی كاندیدەكان.

6. پێویستە خوازیار بەر لە رێكەوتی ئەنجامدانی ڕۆژی تاقیكردنەوه، فەرمانی زانكۆیی كاندیدبونی لە سەرۆكایەتی زانكۆكانیان وەربگرنەوە.

7. پێویستە خوازیاران تا ڕێكەوتی (24/9/2018) وێنەیەك لە فەرمانی زانكۆیی كاندیدبون و، ئەنجامی یەكێك لە تاقیكردنەوەكانی (IELTS, TOEFL, PTE) كە ئەنجامیداوە، یان پسولەی پارەدانی خۆتۆماركردن لە یەكێك لە تاقیكردنەوەكانی (IELTS, TOEFL, PTE) پێشكەش بە بەڕێوەبەرایەتی سێنتەرەكانی زمان، كە لە سەرەوە ئاماژەیان پێدراوە بكات.

8. بۆ ئەو كاندیدانەی پێش رێكەوتی (26-9-2018) تاقیكردنەوەی (IELTS, TOEFL, PTE)یان ئەنجام داوە بەڵام تاوەكو ئێستا ئەنجامی تاقیكردنەوەكەیان وەرنەگرتۆتەوە، ئەوا دەتوانن وێنەیەك لە پسولەی تاقیكردنەوە پێشكەش بە سێنتەری زمان لە زانكۆكانی (سەڵاحەدین، سلێمانی، دهۆك، راپەرین) بكەن، بۆ بە مەبەستی ناوتۆماركردنیان بۆ تاقیكردنەوەی دەستنیشانكردنی ئاستەكانیان بە مەرجێك بەلێننامە پێشكەش بكەن كەوا تا رێكەوتی (5/10/2018) ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی (IELTS, TOEFL, PTE) پێشكەش بەو سێنتەرانە‌ بكەن، بە پێچەوانەوە هەر ئەنجامێك بكەوێتە دوای ئەم رێكەوتە، ئەوا لەم كۆرسەی ئێستا بێبەش دەبێت و دەكەوێتە كۆرسەكانی داهاتوو.

9. ئەو كاندیدانەی تا ڕێكەوتی (26-9-2018) هیچ جۆرە تاقیكردنەوەیەكی (IELTS, TOEFL, PTE)یان ئەنجام نەدابێت و، دواتر یەكێك لە تاقیكردنەوە ستاندارەكان ئەنجام بدەن بۆیان هەیە دوای تەواوبوونی ئەم خولە و لە خولی داهاتوی پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی بەشدار بن بە مەرجێك ماوەی (1) یەك سال تێپەر نەكات لە ڕێكەوتی تەواوبوونی ماوەی یاسایی دوایین درێژكردنەوەی پێشووی (واتە بە شێوەیەكی گشتی ماوەی (3) ساڵ تێپەر نەكات لە ڕێكەوتی دەرچونی فەرمانی كاندیدبونی).

10. ئەگەر خوازیارێك پێشتر یەكێك لە تاقیكردنەوەكانی (IELTS, TOEFL, PTE) ئەنجام دابێت، بەڵام ماوەی بەسەرچوبێت، دەتوانێ تاقیكردنەوەی دیكە نەكات، بەڵام بە مەرجێك پەسند دەكرێت، ئەگەر بڕوانامەكەی لە لایەن زانكۆكەی ڕاستاندن (Verification of Authenticity)ی بۆ كرابێت، بەپێچەوانەوە دەبێ تاقیكردنەوەكە ئەنجام بداتەوە.

11. بڕوانامەكانی سێنتەرەكانی زمان، كە بۆ وەرگرتن لە دكتۆرا لە ساڵی (٢٠١٥) بۆ بەشداریكردن لە تاقیكردنەوەی دیاریكردنی ئاستی زانستی پێشكەشكرابون، مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێ.

12. كاندیدانی ماستەر و دكتۆرا و خوازیارانی بەدەستهێنانی نازناوی زانستی ئازادن لە چ زانكۆیەك (سەڵاحەددین/ هەولێر ، سلێمانی، دهۆك، ڕاپەڕین) پێداویستیەكانیان پێشكەش بكەن و تاقیكردنەوەكە ئەنجام بدەن. بەڵام بۆ كەمكردنەوەی فشار لەسەر سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكانی سەڵاحەددین و سلێمانی وا باشترە دانیشتوانی قەزای (سۆران و كۆیە) خۆیان لە سێنتەری زمان زانكۆی ڕاپەڕین تۆمار بكەن.

13. ماوەی خوێندن لە هەر ئاستێك تا ئێستا بڕیاری لێ نەدراوە، بەڵكو دوای بەڕێوەچونی تاقیكردنەوەكان لە سەنتەرەكانی زمان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەهاوكاری ڕێكخراوی (AMIDEAST) و سەنتەری زمانی زاكۆكان دوا بڕیاری لەسەر دەدات.

14. تاقیكردنەوەكە لە سەعات (10:00)ی بەیانی، ڕێكەوتی (26/9/2018) لە یەك كاتدا لە سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكانی (سەڵاحەددین/ هەولێر ، سلێمانی، دهۆك، ڕاپەڕین) بەڕێوەدەچێت، بۆیە دەبێ خوازیاران بە (30) خولەك پێشتر لە شوێنی دیاریكراو ئامادەبن.

15. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تێچوی بەڕێوەچوونی خولەكان بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆ و دەزگا و دامەزراوەكانی سەر بە وەزارەت دەگرێتە ئەستۆ.

16. پێداویستیەكان بۆ ڕۆژی تاقیكردنەوەی دیاریكردنی ئاست بریتین لە : قەڵەم جاف ڕەنگی شین، ناسنامەیەك كە وێنەی بەشداربووی لەسەر بێت.

17. ئامێرە ئەلیكترۆنیەكان بە تایبەت مۆبایل ڕێگەپێدراو نیە بۆ هۆڵەكانی تاقیكردنەوە.

* بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.