جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڕوانامەی رێزلێنان دەبەخشێتە خوێندكارە سەركەوتووەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی

  • ئه‌یلول 27, 2018
  • 1192 Views
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڕوانامەی رێزلێنان دەبەخشێتە خوێندكارە سەركەوتووەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی

بەچاودێری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان بڕوانامەی رێزلێنانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان بەخشییە خوێندكارانی ( یەكەم و دووەم و سێیەم )ی سەرجەم بەشەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی.

ئەمڕۆ 2018/9/27 بەئامادەبوونی شەماڵ رەباتی نوێنەری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و د.سۆران سەعید یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و د.دانا ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و خوێندكاران و سەرتیب عەلی سكرتێری گشتی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان و سەرجەم راگری كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆ و ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایان و كەسوكاری خوێندكاران، لە مەراسیمێكی شایستە و هونەریدا بەخشینی بڕوانامەی رێزلێنان بە خوێندكارانی ( یەكەم و دووەم و سێیەمی )ی سەرجەم بەشەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەڕێوەچوو.

لە وتەیەكدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین پیرۆزبایی گەرمی لە خوێندكارە سەركەوتووەكان كرد و وتی: ئەم مەراسیمە تایبەتە بە پێشكەشكردنی رێزلێنانی تایبەتی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، كە بە سوپاسەوە لەسەر راسپاردەی بەڕێزیان ئەم مەراسیمە رێكخراوە بۆ رێزلێنان لە خوێندكارە ئازیزەكانمان، هەروەها سوپاسی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان و نوێنەری بەڕێز قوباد تاڵەبانی دەكەین.

لە وتەكەیدا سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتی: زانكۆكەمان هەمیشە شانازی بەوەدەكات كە ساڵانە چەپكە گوڵێك لە دەرچووی زانكۆ پێشكەش بە كۆمەڵگاكەمان دەكات، كەسانی پسپۆڕ و تەكنیكار و شارەزا لەم زانكۆیە بڕوانامە بەدەستدەهێنن و دەچنە ناو كەرتی تایبەت و كەرتی گشتییەوە، زانكۆی ئێمە زانكۆیەكی تەكنیكی و پیشەییە و بەشێوازێكی زانستی پراكتیكی خوێندكاران فێردەكات و كاردەكات بۆ ئەوەی خوێندكارەكانمان لەگەڵ بازاڕی كاردا بگونجێنن و هەلی كاریان بۆ بدۆزرێتەوە بۆیە بەشانازییەوە بڕوانامەی رێزلێنانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ژوەربگرن، هەروەها پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین داوای لە خوێندكارەكان كرد هەوڵ بدەن بەپێی پسیۆڕییان لە بوارەكانیاندا خزمەت بە كۆمەڵگاكەمان بكەن.

هەر لەدرێژەی وتەكەیدا سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی رایگەیاند: رۆژی 2018/10/24 ئاهەنگی دەرچووانی خوێندكارانمان بەناوی ( خزمەت و هەلی كار) سازدەكەین، خزمەت واتا ئەو خزمەتگوزارییەی پێشكەش بە خوێندكاران دەكرێت وەك خزمەتی زانستی، خزمەتی ژینگەی خوێندن، خزمەتی ئەو ئامێر و تاقیگانەیانەی كە لەبەردەست خوێندكاراندایە، هەروەها خوێندكاران شایەتی ئەوە دەدەن كە زانكۆمان چەند گەشەی كردووە و چەند بەرەوپێشچووە تا بەشێوەیەكی پراكتیكی بخوێنن، هەلی كاریش واتا كاردەكەین تا كار بۆ خوێندكارەكانمان بدۆزینەوە لەدوای دەرچوونیان چونكە لەئێستادا زانكۆمان كاردەكات پەیوەندی و لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیاكاندا واژۆ بكات لەپێناو فەراهەم كردنی كار بۆ خوێندكارە دەرچووەكانمان.

پاشان سەرتیب عەلی سكرتێری گشتی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان لە وتەیەكدا بەناوی كۆمەڵەكەوە پیرۆزبایی ئاڕاستەی خوێندكارە سەركەوتووەكان كرد و وتی: ئومێدەوارین ئەم خوێندكارە سەركەوتووانە بتوانن لە ئایندەیەكی نزیكدا خزمەت بە كۆمەڵگا و وڵاتەكەمان بكەن، وە لە شوێنی دامەزراندنیان لە زانكۆ و پەیمانگاكاندا هەمیشە پێشەنگ بن و لە خوێندی ماستەر و دكتۆراشدا رۆڵی گەورەیان هەبێت، وتیشی: بەهەوڵێ‌ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە چوار ساڵی رابردوودا قبوڵ مەركەزی لە زانكۆ و پەیمانگان بنەبڕكراوە و لە جێگەی ئەوە شێوازی نوێ و زانستی گیراوەتەبەر.

سكرتێری گشتی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان دەستخۆشی لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد كە هەنگاوی پێویستی ناوە بۆ دۆزینەوەی كار بۆ خوێندكارە دەرچووەكانی و هەروەها بە پیشەیی كردنی پرۆسەی خوێندنیش لە سەرجەم بەش و كۆلێجەكانیدا.

پاشان لەلایەن گرووپی میوزیكی لوڕ چەند پارچە میوزیك و گۆرانییەك پێشكەش بە ئامادەبووان كرا و كەشێكی هونەریی و جیاوازیان بە مەراسیمەكە بەخشی و بووە جێگەی خۆشحاڵی خوێندكارە سەركەوتووەكان و ئامادەبووان.

لە كۆتایی مەراسیمەكەشدا لەلایەن نوێنەری قوباد تاڵەبانی و سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ و راگری كۆلێج و پەیمانگانی سەر بە زانكۆ و سكرتێری گشتی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان بڕوانامەی رێزلێنانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش بە خوێندكارە سەركەوتووەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرا.

*بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆ.