بە پێشكەشكردنی 11 توێژینەوە و دەرئەنجامەكان دیداری نێودەوڵەتی ( داهاتووی كورد ) كۆتاییهات

  • تشرینی یه‌كه‌م 10, 2018
  • 526 Views
بە پێشكەشكردنی 11 توێژینەوە و دەرئەنجامەكان دیداری نێودەوڵەتی ( داهاتووی كورد ) كۆتاییهات

دووەم رۆژی دیداری نێودەوڵەتی هاوبەشی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی سلێمانی بەپێشكەشكردنی 7 توێژینەوە و دەرئەنجامەكان كۆتاییهات كە دەرئەنجامەكانی دیدارەكە دەكرێتە پاكێجێك و پێشكەش بە حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان و چەند ناوەندێكی ئەكادیمی جیهانی دەكرێت تا كاری لەسەر بكەن، لەهەر دوو رۆژی دیدارەكەشدا 11 توێژینەوەی زانستی و سیاسی و لۆجیكییانە لەلایەن چەند توێژەرێكی ناوخۆیی و بیانییەوە پێشكەشكران.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2018/10/10 رۆژی دووەم و كۆتایی دیداری نێودەوڵەتی هاوبەشی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی سلێمانی، لەژێر چاودێری د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەسەرپەرشتی پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و د.رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، لەژێر ناونیشانی (داهاتووی كورد) لە هۆڵی ئیسماعیل بێشكچی لە كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو، كە كۆی پانێڵەكانی دووەم رۆژی دیدارەكە پێكهاتبوون لە 7 توێژینەوە و دەرئەنجامەكان كە لەلایەن هەریەك لە فیردیناند هینری و د.سەربەست نەبی و د.عومەر شێخ موس و چەند توێژەرێكی دیكە پێشكەشكران و گفتوگۆكرا لەسەر مەسەلەی نەتەوەیی و دەستوور و بە تایبەت كوردانی رۆژئاوا كە ماوەی چەند ساڵێكە كرژی و ئاڵۆزی ئەو بەشەی كوردستانی گرتۆتەوە هەروەها ئەو كێشانەی كە لەهەر چوار پارچەی كوردستان هەن و كێشەی گەورەی نەتەوەیی و خاكی بۆ گەلی كورد دروستكردووە.

سەبارەت بە دیدارەكە د.كاروان عەلی قادر نووسەر و مامۆستا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتی: ئەنجامدانی ئەم جۆرە دیدارانە زۆر پێویستە لەبەرئەوەی لەم دیدارەدا خوێندنەوەیەكی ئەكادیمیانە و سیاسییانە و لۆجیكییانە بۆ داهاتووی میللەتەمان كرا، كە كۆمەڵێك كەس بانگهێشتی ئەم دیدارە كرابوون هەموویان كەسانی شارەزا و پسپۆڕ بوون لە بارودۆخی كوردستان هەروەها كاریگەرییان هەیە لە ناوەندەكانی بڕیاردان لە هەندێك وڵاتی ئەوروپا و كەنداو، وتیشی: ئەم دیدارە لە رووی كوالێتییەوە زۆر زۆر باشە بەڵام ئەركی دوای دیدارەكە دەوەستێتەوە سەر بڕیار بەدەستان و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان كە ئایا ئەو دەرهاویشتە و لێكەوتانەی لەم دیدارە نێودەوڵەتییە دەكەوێتەوە تا چەند بەهەند وەردەگیرێت و كاری لەسەر دەكرێت.

هەر لەسەر دیدارەكە جەمیل عەلی عەبدولكەریم توێژەر و مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی بۆ سایتی زانكۆمان وتی: دەتوانین بڵێین ئەم دیدارە هێنانە كایەی زەمینەیەكی نوێیە بۆ بیركردنەوە دەربارەی داهاتوو كورد نەك تەنیا دووبارەكردنەوەی ئەو پێشنیارانەی لە رابردوودا هەبووە، لەم دیدارەدا ئامادەبوون خرانە بەردەم تەحادایەكی ئەوتۆ كە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پێشنیارانە بكەن لە دیدارەكەدا پێشكەشیان كرا، كە پێشنیارەكانیش راستەقینە و مایەكی قبوڵكردن و جێبەجێكردنن، هەروەها وتیشی: ئومێدمان وایە دەرئەنجام و راسپاردەكانی ئەم دیدارە بڵاوبكرێتەوە و بگاتە ناوەندەكانی بڕیاردان چ لە هەرێمی كوردستان چ لە بەغداد.

شایەنی باسە لە یەكەم رۆژی دیدارەكەدا د.رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی رایگەیاند: مەبەست لە ئەنجامدانی ئەم كۆنفرانسە لەلایەن هەردوو زانكۆی سلێمانی و زانكۆی پۆڵیتەكنیكی سلێمانییەوە وەك دوو دەزگای رۆشنبیری پێشكەوتوو لە شاری سلێمانی، بۆ ئەوەیە كە بەشێوەیەكی زانستی و لە ئەنجامی توێژینەوەی زانستییەوە تیشك بخرێتەسەر چۆنییەتی دیاریكردنی ئایندەیەكی گەش بۆ میللەتەكەمان، كە ئەمڕۆ زانكۆكان پێویستە رۆڵی خۆیان بگێڕێن بۆ كۆكردنەوەی خاوەن قەڵەم و كەسانی پسپۆڕو شارەزا لە بواری دۆزی نەتەوەكەمان، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین رۆشنبیر و كەسایەتی ئەكادیمی و شارەزای بواری سیاسەتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشدار دەبن و سیمیناری زانستی پێشكەش دەكەن.

هەروەها لە یەكەم رۆژی دیدارەكەدا پانێلێك لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشكەشكرا و تێیدا تیشكی خستە سەر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و چۆنێتی چارەسەری سیاسیانەی ئەم كێشە نەتەوەییە و دانانی میكانیزمێكی گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە بەپێی واقعی دیمۆگرافی راستەقینەی پێكهاتەكان.

*بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆ.