زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی خوێندنی دبلۆمی باڵای ته‌كنیكی پیشه‌یی ڕاگه‌یاند

  • 2018-10-21
  • 1715 Views
زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی خوێندنی دبلۆمی باڵای ته‌كنیكی پیشه‌یی ڕاگه‌یاند

له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌و پرۆژه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌ره‌پێدانی خوێندنی ته‌كنیكی پیشه‌یی، زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی پرۆژه‌ی خوێندنی دبلۆمی باڵای یه‌ك ساڵه‌ی له‌گه‌ڵ زانكۆی تارانی پزیشكییه‌وه‌ خسته‌ بواری جێ به‌جێ كردنه‌وه‌.

پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 21 ی تشرینی یه‌كه‌می 2018 پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین به‌ هاوڕێیه‌تی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆو ڕاگری كۆلێجی ته‌كنیكی ته‌ندروستی و به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌كادیمییه‌كانی زانكۆ پێشوازیكرد له‌ شاندێكی باڵای زانكۆی تارانی پزیشكی به‌سه‌رپه‌رشتی د.هادییان.

له‌ پاش به‌خێرهێنانیان سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌ سه‌ردانه‌كه‌و باسی له‌ گرنگی و پته‌وكردنی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردولا كرد به‌ئامانجی لێك نزیك بونه‌وه‌و ئاڵوگۆڕی به‌هره‌و تواناكان، وه‌ هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی دا به‌و پرۆژه‌یه‌ی كه‌ ئاماده‌كراوه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دبلۆمی باڵای ته‌كنیكی پیشه‌یی له‌ چه‌ندین بواردا كه‌ به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ زانكۆی تارانی پزیشكیدا ده‌ست به‌ جێ به‌جێ كردنی ده‌كه‌ن.

پرۆژه‌كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ خاوه‌نی بڕوانامه‌ی بكالۆریۆسن و خوازیاری به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دبلۆمی باڵای ته‌كنیكی پیشه‌یین ، خوێندنه‌كه‌ ته‌نها بۆ یه‌ك ساڵه‌و به‌ دوو سیمیسته‌ر خوێندن ته‌واو ده‌كرێت و به‌ سیسته‌می پارالێڵ خوێندكار وه‌رده‌گیرێت و  له‌شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت ته‌نها توێژینه‌وه‌كه‌یان به‌شێكی ده‌برێته‌ زانكۆی تارانی پزیشكیه‌وه‌ و به‌خولی ڕاهێنانیش بۆیان ئه‌ژمار ده‌كرێت.

پرۆژه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو زانكۆ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ له‌م بواره‌ زانستییانه‌دا خوێندكار وه‌رده‌گرێت:

(ته‌ندروستی كۆمه‌ڵ، په‌رستاری ، تاقیگه‌كان، شیكاری نه‌خۆشییه‌كان) نمره‌ نابێته‌ مه‌رج و ڕێگر له‌به‌رده‌م وه‌رگرتنی خوێندكاراندا.

له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نوسیدا هه‌ردوو پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین و د. هادییان خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕی به‌و به‌رنامه‌یه‌و هیوایان خواست ئاستی زانستی خوێندكاران زیاتر به‌رزبكاته‌وه‌. سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی سوپاسی خۆی گه‌یانده‌ زانكۆی تارانی پزیشكی و قونسڵخانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هاوكاری پشتیوانیان له‌ به‌رنامه‌و پرۆژه‌كانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی. وه‌ هه‌روه‌ها سوپاسی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد بۆ پشتگیرییه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان .

داوا له‌ خوازیاران و خوێندكاران كرا كه‌ له‌ئه‌مڕۆوه‌ داخوازی پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنیان له‌ خوێندنی ته‌كنیكی پیشه‌یی دبلۆمی باڵا.