سیمینارێك بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی هەنگاوەکانی کۆرسی ئینگلیزی فاوندەیشن به‌ڕێوه‌چوو

  • 2018-10-21
  • 883 Views
سیمینارێك بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی هەنگاوەکانی کۆرسی ئینگلیزی فاوندەیشن به‌ڕێوه‌چوو

سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی جێ به‌جێ كردنی كۆرسی زمانی ئینگلیزی فاونده‌یشن ،كه‌ بڕیاره‌ بۆ ئه‌مساڵی خوێندن له‌ قۆناغی یه‌كه‌می سه‌رجه‌م كۆلێجه‌كان و هه‌ردوو په‌یمانگای زانستی كۆمپیوته‌رو په‌یمانگای ته‌كنیكی كشتوكاڵی به‌كره‌جۆ جێ به‌جێ بكرێت ، سیمینارێك به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ سیمیناره‌كه‌دا كه‌ سه‌نته‌ری نێوده‌وڵه‌تی زمانی ئینگلیزی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی سازیكردبوو وێڕای ئاماده‌بوونی پ.ی.د. سۆران سعید یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا ،ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ سه‌رۆك به‌ش و بڕیارده‌رو مامۆستایانی زمانی ئینگلیزی تیایدا به‌شداربوون.

له‌ وته‌یه‌كدا م.هۆگر محمد تۆفیق به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ر تیشكی خسته‌ سه‌ر گرنگی كۆرسی زمانی ئینگلیزی فاونده‌یشن و ئه‌و مه‌رج و پێداویستیانه‌ی كه‌ پێویسته‌ ئاماده‌سازیان بۆ بكرێت به‌مه‌به‌ستی وتنه‌وه‌ی زمانی ئینگلیزی به‌ كوالیتی به‌رزو ئاماده‌كردنی نه‌وه‌یه‌كی نوێ ی ئاماده‌كراو بۆ زمانی ئینگلیزی.

دواتر له‌ وته‌یه‌كیدا پ.ی.د. سۆران سعید ئاماژه‌ی كرد به‌ بایه‌خی ئه‌م هه‌نگاوه‌ نوێیه‌ به‌ئاراسته‌ی پێشخستنی زمانی ئینگلیزی كه‌ زمانێكی نێوده‌وڵه‌تیه‌، ده‌ستخۆشی خۆی و سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی گه‌یانده‌ سه‌نته‌ری نێوده‌وڵه‌تی زمانی ئینگلیزی كه‌ هه‌ستاون به‌م كاره‌و له‌ڕابردوشدا شوێن ده‌ستیان دیاربووه‌، له‌كۆتایی قسه‌كانیدا هه‌موو پشتگیرییه‌كی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی ڕاگه‌یاند له‌مه‌ڕ به‌سیسته‌مكردنی پرۆگرام و هه‌نگاوه‌كانی داهاتوو.

دواتر له‌لایه‌ن هه‌ریه‌كه‌ له‌ م.هۆگر محمد تۆفیق و م. هێڤار محمد و م. هۆزان عوسمان له‌ سه‌نته‌ری نێوده‌وڵه‌تی زمانی ئینگلیزی به‌ سێ ته‌وه‌ر بابه‌تی سیمیناره‌كه‌یان شیكرده‌وه‌و له‌كۆتاییدا ئاماده‌بوان به‌سه‌رنج و تێبینی و پرسیاره‌كانیان سیمیناره‌كه‌یان ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرد.