ئاهه‌نگی ده‌رچوانی خولی 29 هه‌مینی خوێندكارانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ده‌ستیپێكرد

  • 2018-10-24
  • 1470 Views
ئاهه‌نگی ده‌رچوانی خولی 29 هه‌مینی خوێندكارانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ده‌ستیپێكرد

به‌ دروشمی (هه‌لی كارو خزمه‌ت) زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خولی 29 ی خوێندكارانی  ساز ده‌كات

به‌ئاماده‌بوونی پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی  ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و یاریده‌ده‌رانی و مامۆستایان و خووێندكاران ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 24 ی تشرینی یه‌كه‌می 2018ز ئاهه‌نگی پۆلێكی تر له‌ ده‌رچوانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ ژێر دروشمی ( هه‌لی كارو خزمه‌ت) سازكرد،

سه‌ره‌تای ئاهه‌نگ به‌ هاتنی كه‌ژاوه‌ی ئاڵای حكومه‌تی عێراقی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و 13 كۆلێج و په‌یمانگای سه‌ر به‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ده‌ستیپێكرد و پاشان سه‌رۆكی زانكۆو ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌گه‌ڵ سروودی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ ڕێو ڕه‌سم له‌سه‌ر سته‌یج ئاماده‌بوون.

به‌ساتێك وه‌ستان و بێده‌نگی بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری كوردستان و ڕیگای زانست  و چه‌ند ئایه‌تێك له‌ قورئانی پیرۆزئاهه‌نگه‌كه‌ ده‌ستی پێكرد و پاشان له‌لایه‌ن پ.ی.د. دانا احمد مصطفی وه‌ك سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای ئاهه‌نگ ووتاری لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی ئاهه‌نگی ده‌رچوانی خولی 29 ی خوێندكارانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی خوێنده‌وه‌و تیایدا پیرۆزبایی ئاراسته‌ی مامۆستایان و خوێندكاران و كه‌س و كاریان كردو هیوای خواست له‌پێناوی ڕه‌خساندنی هه‌لی كار بۆ ده‌رچووان ساڵ له‌دوای ساڵ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كادیری لێهاتوو به‌تواناو ئه‌كادیمی پێشكه‌ش به‌ كوردستان بكات و خزمه‌تی به‌رچاو به‌ ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ حكومی و ناحكومییه‌كان بكات.

پاشان له‌لایه‌ن پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی  ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ ووتارێكدا پیرۆزبایی خۆی و ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌ خوێندكارانی سه‌ركه‌وتوو كردو ڕایگه‌یاند ئه‌مڕۆ به‌رهه‌می چه‌ندین ساڵه‌ی ماندوبونی خۆتان وه‌رده‌گرنه‌وه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ئامانه‌ت و دڵسۆزیه‌وه‌ به‌هره‌و تواناكانتان به‌كاربهێنن و خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی پێبكه‌ن.

سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی دوپاتی كرده‌وه‌ زانكۆكه‌مان گه‌نجه‌و هه‌میشه‌ش كادیری گه‌نج و بیری گه‌نج و داهێنانی گه‌نجانه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ین و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ خزمه‌تكردن.هه‌روه‌ها ووتی جێ ی خۆشحاڵییه‌ بۆ خوێندنی ساڵی 2017-2018 3402 خوێندكار بڕوانامه‌ی ده‌رچوون وه‌رده‌گرن،

له‌ ته‌وه‌رێكی تری ووتاره‌كه‌یدا پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی  ئه‌مین باسی له‌ ده‌سته‌كه‌وته‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌كانی زانكۆ كرد كه‌ به‌ پشتیوانی خوای گه‌وره‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هاتونه‌ته‌ به‌رهه‌م و به‌رده‌وامیش ڕاناوه‌ستین له‌ كاركردن و ڕایگه‌یاند ئه‌و ڕێككه‌وتن و لێكگه‌یشتنانه‌ی تا ئێستا ئه‌نجاممان داون به‌رهه‌می باشی لێكه‌وتۆته‌وه‌و توانیومانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و له‌گه‌ڵ زانكۆ ده‌ره‌كی و ناوخۆییه‌كانمان دروست بكه‌ین كه‌ نوێترینیان كردنه‌وه‌ی خوێندنی دبلۆمی باڵای پیشه‌ییه‌ بۆ 11 به‌شی زانستی كه‌ جگه‌ له‌ ناوخۆ له‌ هه‌ردوو ووڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران و قوبروس هاوكارمانن له‌و بواره‌دا و له‌ داهاتوشدا پرۆگرامی زیاترمان ده‌بێت بۆ فراوانكردنی مه‌ساحه‌ی زانستی زانكۆو كردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شانه‌ی كه‌ له‌ بازاڕی كاردا شوێن ده‌ستیان دیاره‌و ده‌توانرێت به‌هۆیه‌وه‌ كه‌رتی تایبه‌تی ببوژێنرێته‌وه‌و خوێندكاران چیتر چاوه‌ڕێ ی دامه‌زراندن نه‌كه‌ن له‌كه‌رتی گشتی و بتوانن به‌هۆی بڕوانامه‌كانیانه‌وه‌ گونجاو ترین كاریان له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌ست بكه‌وێت.

له‌كۆتایی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی سوپاس خۆی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی گه‌یانده‌  لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی ئاهه‌نگ و گشت ڕاگرو مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران كه‌ سه‌رجه‌میان لێبڕاوانه‌ كاریان بۆ سه‌رخستنی زانست و خوێندن كردوه‌ و دوپاتی كرده‌وه‌ كه‌ زانكۆ درێژه‌ به‌كاروانی خزمه‌تكردنی زانست و خوێندنی ته‌كنیكی ده‌دات و هه‌رچی له‌توانادا درێغی ناكه‌ن.

دواتر د.توانا سعید ووتاری خوێندكاره‌ ده‌رچوه‌كانی خوێنده‌وه‌.

پاشان سوێندی یاسایی خوێندكاران درا كه‌ دڵسۆزبن بۆ كارو پیشه‌كه‌یان و  بۆ كوردستان.

له‌لایه‌ن هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕاگری هه‌ر 13 كۆلیج و په‌یمانگاكانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی داوا له‌ سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كرا كه‌ بڕوانامه‌ی ده‌رچوون ببهخشن به‌ خوێندكارانی سه‌ركه‌وتوو.

له‌ كۆتاییدا پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بڕیاریدا به‌ به‌خشینی بڕوانامه‌ی ده‌رچوون به‌هه‌ 3402 خوێندكاری سه‌ركه‌وتوی سه‌رجه‌م كۆلێج و په‌یمانگاكانی زانكۆ.