مامۆستایەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەشداری لە وۆركشۆپێكی نێودەوڵەتیدا دەكات

  • تشرینی یه‌كه‌م 26, 2018
  • 399 Views
مامۆستایەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەشداری لە وۆركشۆپێكی نێودەوڵەتیدا دەكات

دوای بانگهێشتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەلایەن یەكێتی زانكۆكانی عەرەبی بۆ بەشداریكردن لە وۆركشۆپی ( چۆنێتی ئامادەكردن و پێشكەشكردنی پرۆپۆزەڵی بۆ لایەنی بەخشەر ) لە ئوردن، مامۆستا فەرەیدون فیچ الله لێپرسراوی هۆبەی پەیوەندییەكان و فەند لە سەنتەری توێژینەوەی زانكۆمان بە نوێنەرایەتی زانكۆ لە وۆركشۆپەكەدا بەشداریكرد.

وۆركشۆپەكە رۆژانی 2018/10/15-16 لە بارەگای ئەمیندارێتی گشتی یەكێتی زانكۆكانی عەرەبی لە عەممانی پایتەختی ئوردون بەڕێوەچوو، لە رۆژی یەكەمدا باس لە بنەما گرنگەكانی نووسینی پرۆپۆزەڵ كرا و لایەنی تیۆری چۆنێتی نوسینی پرۆپۆزەڵ و پێشكەشكردنی بۆ ئامادەبووان روونكرایەوە، لە رۆژی دووەمیشدا چۆنێتی ئامادەكردنی خشتەی كاتی جێبەجێكردنی پڕۆژەی پێشكەشكراو و دانانی خشتەی تایبەت بەتێچووی پڕۆژەكە بەوردی باسی لێوەكرا و لە كۆتاییدا ئامادەبووان بەشێوەی پراكتیكی كاریان لەسەر نووسینی پرۆژەیەك كرد و دواتر لەلایەن ئامادەبووانی دیكەوە هەڵسەنگاندنی بۆ كرا.

لە وۆركشۆپەكەدا 19 كەس لە وڵاتانی عەرەبییەوە بەشداریانكرد وەك ( میسر، لوبنان، سوریا، ئوردون، عێراق ) و هەروەها هەرێمی كوردستان، وۆركشۆپەكەش لەلایەن پرۆفیسۆر د.احمد ابو الهیجە بەڕێوەبەری ئیراسمۆس پڵاس لە ئوردون و پرۆفیسۆر د.یاسر الشایب بەڕێوەبەری ئیراسمۆس پڵاس لە میسر پێشكەشكران كە هەریەكەیان زیاتر لە 15 ساڵ ئەزموونیان لە بواری نووسین و هەڵسەنگاندنی پرۆپۆزەڵ بۆ وەرگرتنی فەند هەیە.

دوای تەواوبوونی كارەكانی وۆركشۆپەكەش بڕوانامەی بەشداربوون بەسەر ئامادەبوواندا دابەشكرا.

شایەنی باسە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە بەرواری 2016/12/4 بووەتە ئەندامی كارای یەكێتی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی.