لقی زانكۆی پالاسكی كۆماری چیك لە هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە

  • تشرینی دووه‌م 8, 2018
  • 281 Views
لقی زانكۆی پالاسكی كۆماری چیك لە هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە

لەسەر پێشنیازی وەزارەتی خوێندنی باڵا لقی زانكۆی پالاسكی كۆماری چیك لە هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە و وەزیری خوێندنی باڵاش دەڵێت: كۆماری چیك بۆ ئێمە وڵاتێكی گرنگە و خاوەن ئەزمونێكی سەركەوتووە لە بواری خوێندنی باڵادا، بۆیە دەخوازین پەیوەندییە زانستیەكانمان لەگەڵیاندا فراوان بكەین.

لەوچوارچێوەیەدا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان لەگەڵ (میشاڵ سڤۆبۆدا) كونسڵی گشتی كۆماری چیك لە هەرێم باسیان لە چۆنیەتی گەشەپێدانی پەیوەندییە زانستیەكانی نێوانیان كردو د.یوسف گۆران وتی: ژمارەیەك زانكۆی ئەو وڵاتە هاوشێوەی زانكۆی ئۆستراڤا بە سودوەرگرتن لەر ئارامی و سەقامگیری هەرێمی كوردستان دەیانەوێت لقی زانكۆكانیان لە كوردستان بكەنەوە‌، بەتایبەت زانكۆی (پالاسكی) بۆ ئەوەش وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: ئێمە دەخوازین یاداشتنامەیەكی لێكگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان و كۆماری چیك ئەنجام بدرێت، بەشێوەیەك ‌ تەواوی ئەو بوارانەی خوێندنی باڵا لەخۆبگرێت كە گرنگن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستیەكانی نێوان هەردوولا، بەوەش دەتوانین چوارچێوەی كاركردنی داهاتوومان دابڕێژین.

هەر لەوبارەیەوە د.یوسف گۆران وتی: ئامانجمان ئەوەیە ناوچەیەكی نێودەوڵەتی بۆ كامپی زانكۆ ئاستبەرزەكانی جیهان لە هەرێمی كوردستان دروست بكەین، بۆ ئەم مەبەستەش لە ئێستادا وەزارەتی خوێندنی باڵا ئامادەكاری دەكات بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەكی یاسایی و دەركردنی ڕێنمایی تایبەت بە كاركردنی كامپی زانكۆ نێودەوڵەتییەكان.، ئەم هەنگاوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ كردنەوەی لقی زانكۆ ئاستەبەرزەكانی جیهان.