زنجیرەیەك سیمیناری زانستی بەڕێوەچوون

  • 2018-12-04
  • 733 Views
زنجیرەیەك سیمیناری زانستی بەڕێوەچوون

لە هۆڵی سیمیناری‌ كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و بەئامادەبوونی‌ بەشێك لە خوێندكاران و مامۆستایانی‌ بەشە جیاوازەكان لەلایەن هەریەك لە مامۆستایان م.عەتا ئادەم بەناونیشانی (كارپێكردنی سیستمی كردیت) و م.حەیدەر ساڵح بەناونیشانی (التنویع الاقتصادی) و م.ڕامان ئاسۆ بەناونیشانی (ڕیكلام)، سێ سیمینار پێشكەشكران.

هەر لە درێژەی كارو چالاكییەكانی كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكان، كاتژمێر 10ی‌ سەر لەبەیانی‌ ئەمڕۆ لەلایەن پ.ی.د.یەحیا عومەر مامۆستا لە بەشی تەكنیكی میدیا سیمیناری‌ پەیوەندی نێوان میدیا و كایەی‌ سیاسی بەڕێوەچوو.

لەلایەكی ترەوە پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن بەهاوكاری كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی، سیمیناری پرسی لامەركەزییەتی لە هەرێمی كوردستاندا بەڕێوەبرد كە تێیدا بە وردی تیشكخرایە سەر ڕەهەندەكانی ئەو پرسە و چۆنیەتی كاردانەوەی لە هەرێمی كوردستاندا.

سیمینارەكە بەئامادەبوونی پ.ی.د.حەكیم عوسمان ڕاگری كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی و بەڕێوەبەرو ئەندامانی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن و ژمارەیەك لە خوێندكاران و مامۆستایان و فەرمانبەران بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای سیمینارەكەشدا پ.ی.د حەكیم عوسمان ڕاگری كۆلێج ئاماژەی بە گرنگی ناوەڕۆكی سیمنارەكە بۆ ئەمڕۆی كوردستان كرد، پاشان لەلایەن ئارام جەمال بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردنەوە بە وردی تیشكخرایە سەر پرسی لامەركەزییەت، هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد لە كوردستان بەهۆی ئەوەی پەیڕەوی لامەركەزییەت ناكرێت لە زۆربەی شارەكانی هەرێمدا كاردانەوەی خراپی بەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی لایەنی ئیداری و دارایی و كەمی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانەوە هەبووە.

دواتریش بەشێك لە ئامادەبووان پرسیار و تێبینی و سەرنجیان لەسەر ناوەڕۆكی پرسەكە خستەڕوو بەشێوەی پرسیار و وەڵام كۆتایی بە سیمینارەكە هێنرا.

*بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆ.