د. یوسف گۆران: بەنێودەوڵەتی كردنی زانكۆكان و توێژینەوە زانستییەكان لە پێشینەی كارەكانمانە

  • 2018-12-19
  • 613 Views
د. یوسف گۆران: بەنێودەوڵەتی كردنی زانكۆكان و توێژینەوە زانستییەكان لە پێشینەی كارەكانمانە

لە مەراسیمی كردنەوەی پێشانگەی ناساندنی توانای زانكۆكانی ئێران لە هەرێمی كوردستان، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: لە زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان (٥٢٣) یاداشتی لێكگەیشتن لەگەڵ (٤٧٧) دامەزراوەی ئەكادیمی لە (٧١) وڵاتی جیاجیا واژۆكراوە، بەشی هەرەزۆری ئەم پرۆژانە بریتین لە پرۆژەی توێژینەوەی هاوبەش لەسەر ئاستی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لەگەڵ ناوەندی ئەكادیمی نێودەوڵەتیدا.

لەو مەراسیمەدا كە كونسوڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و نوێنەری وەزارەتی زانست و توێژینەوە و تەكنەلۆژیای ئێران و سەرۆك زانكۆكانی كوردستان و نوێنەری ٣٣ زانكۆی كۆماری ئیسلامی ئێران و مامۆستاو خوێندكاران ئامادەیبوون، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەیەكدا رایگەیاند: كرانەوەو بە نێونەتەوەیی بوونی زانكۆكان و توێژینەوە زانستییەكان هەمیشە لە ئەولەویەتی وەزارەتەكەمان بووە، ئێمە باوەڕمان وایە كە كۆمەڵگای ئەكادیمی كوردستانی دەبێت لەگەڵ كۆمەڵگای ئەكادیمی نیودەوڵەتی پێكەوە گرێدراو بن، و زنكۆكانمان لە چوارچێوەی لۆكاڵی دەرچن و بە رووی جیهاندا بكرێنەوە و كۆمیونیتی مامۆستایان و خوێندكارانیان فرە رەنگ و فرە كەلتور بن.

د. یوسف گۆران ئاماژەی بۆ ئەوە كرد وەزارەتەكەمان كارئاسانی تەواو بۆ كردنەوەی لقی زانكۆ ئاستبەرزەكانی جیهان دەكات لە هەرێمی كوردستان، لە ئێستاش دا درافتی ڕێنمایی تایبەت بە كردنەوەی لقی زانكۆی نێودەوڵەتی لەلایەن وەزارەتەكەمان ئامادەكراوە و بەمزووانە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە هەمان كاتدا یاسا كارپێكراوەكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان كارئاسانی بۆ سەرمایەگوزاری لە بواری كەرتی خوێندنی باڵا فەراهەم دەكات.

هەر لەو مەراسیمەدا د.عبدالحەمید عەلی زادە نوێنەری وەزارەتی زانست و توێژینەوەو تەكنەلۆژیای ئێران باسی لە گرنگی ئەنجامدانی ئەم چالاكییە زانستییە كرد و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد زانكۆكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە خستنەڕووی تواناكانیان دەتوانن تونای زانستی و ئەكادیمی پێشكەش بە زانكۆكانی كوردستان بكەن و بتوانرێت بەم چالاكییە ئاڵوگۆڕی زیاتری نێوان هەرێم و ئێران پەرەی پێبدرێت.

*بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.