پەیامێك بۆ رۆژنامەی كورستانی نوێ

  • 2019-01-11
  • 449 Views
پەیامێك بۆ رۆژنامەی كورستانی نوێ

سەرۆكایەتی و ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، بەبۆنەی یادی ٢٨ ساڵەی دەرچوواندنی رۆژنامەی (كوردستانی نوێ) پیرۆزبایی گەرم ئاڕاستەی سەرجەم رۆژنامەنووس و نووسەر و كادران و كارمەندانی رۆژنامەكە دەكات و هیوادارە نزیكتر و زۆرتر پێكەوە كاربكەن و كاری رۆژنامەوانی و میدیاكاران لە هەرێمی كوردستان زیاتر بەتوانا و بەهێزتربكەن، كەئەمەش دەقی پەیامەكەیە:

برای بەرێزمان ستران عەبدوڵا سەرنووسەری رۆژنامەی كوردستانی نوێ و سەرجەم رۆژنامەنووس و نووسەر و كادران و كارمەندانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ، پیرۆزبایی گەرمتان لێدەكەین بەبۆنەی یادی ٢٨ ساڵەی دەرچوواندنی رۆژنامە سەنگین و ئازیزەكەتان.

دەرچوواندنی ئەم رۆژنامە رۆژانەیە لەلایەن ی.ن.ك و بەپشتیوانی خودی سەرۆك مام جەلال هەوڵێكی دیكە بوو بۆ پتەوكردنی بنەماكانی ئازادی رادەبڕین و كاری رۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستان، كە هاوشان لەگەڵ كەناڵی گەلی كوردستانی (دایك) بوونە بناغەی دروستكردن و بونیادنانی ناوەندی ئەكادیمی وەكو بەشی راگەیاندنی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی و تاوەكو ئێستاش سەرجەمیان بوونەتە هۆكارێك بۆ گەشەكردنی بواری رۆژنامەوانی و میدیا بە سەرجەم بوارەكانیانەوە لە هەرێمی كوردستان.

بۆیە ئێمە وەكو ناوەندێكی ئەكادیمی، بەلامانەوە گرنگە نزیكتر و زۆرتر پێكەوە كاربكەین و ئەزموونی ٢٨ ساڵ كاری رۆژنامەوانی ئێوە تێكەڵ بەلایەنی ئەكادیمی بكەین و پێكەوە بنەماكانی كاری رۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستان بەهێزتر بكەین و رۆژنامەنووسان و میدیاكارانمان زیاتر بەتواناو بەهێزتربكەین بۆ خزمەتكردن بەو بوارە گرنگەی ژیانی سیاسی و دیموكراسی و ئیداری لە هەرێمی كوردستان، بۆئەوەی میدیا و میدیاكاران لە قەیران و گرفتەكانی ئێستای بوارەكە دووربخەینەوە و لەسەر بنەمای راستی و دروستی و خزمەتكردن بە هاوڵاتیان باشتر رایانبهێنین و پێیان بگەیەنین.

بۆیە ئێمە لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئەم یادە پیرۆزەتان بە دەرفەت دەزانین و لێرەوە خواستی هاوكاری هاوبەشی كاری ئایندە لەگەڵ ئێوە داوا دەكەین و ئومێد دەكەین بتوانین هاوشانی یەكتر باشترین خزمەت بە میدیا و میدیاكاران بە گشتی و میدیا خوێندراو بەتایبەتی بكەین.

دووبارە بەناوی سەرۆكی زانكۆ و ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و بەشەكانی تەكنیكی میدیا لە پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی (پەیمانگای دایك) ‌و تەكنیكی میدیا لە كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی، ساڵیادی رۆژنامە سەربەرزەكەتان پیرۆزدەكەین و هیوای بەردەوامی و سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.

سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی
بەرێوەبەرایەتی راگەیاندن و چالاكییەكان