ئاماده‌كاری بۆ كردنه‌وه‌ی زانكۆی ئه‌ڵمانی – كوردی ده‌كرێت

  • كانونی دووه‌م 13, 2019
  • 220 Views
ئاماده‌كاری بۆ كردنه‌وه‌ی زانكۆی ئه‌ڵمانی – كوردی ده‌كرێت

به‌ئامانجی به‌رفراوانكردنی زانكۆ وده‌زگا زانستییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان و ڕه‌خساندنی هه‌لی زیاتر بۆ خوێنتدكاران و فێرخوازان، ئاماده‌كاری بۆ كردنه‌وه‌ی زانكۆی (ئه‌ڵمانی- كوردی) ده‌كرێت.

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 13 ی كانونی دووه‌می 2019 پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی پێشوازی كرد له‌ وه‌فدیكی ئه‌ڵمانی كه‌ پێكهاتبوون له‌ نوێنه‌ری ده‌زگای دادی ئه‌ڵمانی و زانكۆی گوتنكینی ئه‌و ووڵاته‌ و شاندێكی یاوه‌ریان له‌ وه‌زراتی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ پێك هاتبوون له‌ د. محمد حسین سه‌رۆكی ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایی جۆری وه‌زراتی خوێندنی باڵاو د. خطاب شێخانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوان.

له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌ د. پۆڵا خانه‌قا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینه‌وه‌ی زانستی و یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵاو كارگێڕی و دارایی ئاماده‌بوون.

وه‌فدی میوان ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یان خسته‌ ڕوو كه‌ له‌ پلانیاندایه‌ زانكۆی (ئه‌ڵمانی – كوردی) له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌وه‌ له‌پێناو گرنگی زیاتر به‌بواری خوێندنی باڵاو پێشخستنی ئاستی زانستی خوێندكارانی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان.

سه‌ردانه‌كه‌ زیاتر ڕاوێژكاری بوو له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینه‌وه‌ی زانستی و نه‌خۆشخانه‌ی هیوا به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌سازی و دانانی ڕێوشوێنی گونجاو بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و زانكۆیه‌.

وابڕیاره‌ له‌پاش كۆتایی ئاماده‌سازییه‌كان له‌ماوه‌ی داهاتوویه‌كی نزیكدا زانكۆی ئه‌ڵمانی كوردی له‌هه‌رێمی كوردستاندا بكرێته‌وه‌.