وه‌زیری خوێندنی باڵا: ده‌ستخۆشی له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ده‌كات

  • كانونی دووه‌م 16, 2019
  • 310 Views
وه‌زیری خوێندنی باڵا: ده‌ستخۆشی له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ده‌كات

به‌ئامانجی به‌سه‌ركردنه‌وه‌و ئاگاداربوونی زیاتر له‌ كارو چالاكی و به‌ره‌و پێشچونه‌كانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ، د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كرد.

كاتژمێر 10 ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16 ی كانونی دووه‌می 2019 د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی سه‌ردانی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كرد و له‌لایه‌ن پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆو یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆك و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ به‌گه‌رمی پێشوازی لێكرا.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا بۆ ژماره‌یه‌ك له‌كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن ، وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی خۆی خسته‌ ڕوو كه‌ پلانی هه‌یه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌ردانی گشت زانكۆكان بكات و له‌ ڕه‌وتی خوێندن و ئیش و كاره‌كانیان بكۆڵێته‌وه‌، وه‌ رایگه‌یاند زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی یه‌كێكه‌ له‌و زانكۆیانه‌ی كه‌ به‌شێوازێكی خێرا گه‌شه‌سه‌ندنی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌و توانیویه‌تی له‌ ڕیزبه‌ندی نیشتمانی زانكۆكانی هه‌رێمدا هه‌نگاوی باش هه‌ڵبگرێت كه‌ئه‌مه‌ش جێ ی ده‌ستخۆش ی دڵخۆشی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌، له‌به‌شێكی تری قسه‌كانیدا د. یوسف گۆران ووتی : وه‌زاره‌تمان  هه‌روه‌ك پلانی داناوه‌ ده‌مانه‌وێت گرنگی تایبه‌ت به‌ زانكۆ ته‌كنیكییه‌كان بده‌ین كه‌ نزیكترینن له‌ بازاڕی كارو خستنه‌ سه‌ر كاری ده‌رچووان و دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌رێنی زانستی له‌گه‌ڵ  كه‌رتی تایبه‌ت، بۆیه‌ هه‌رچیمان پێكرابێت درێغیمان نه‌كردووه‌و زانكۆكانیش به‌گوێره‌ی توانا مرۆیی و داراییه‌كانی به‌رده‌ستیان به‌رده‌وامن له‌ كاری نوێ و خزمه‌تكردنی ڕه‌وتی خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان.

وه‌ هه‌ر له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی خۆشحاڵی خۆی و ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ده‌ربڕی به‌ سه‌ردانی وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و هاوكات سوپاسی خۆی پێشكه‌شكرد له‌به‌رامبه‌ر به‌ پشتیوانی و پشتگیرییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی به‌ڕێزیان بۆ زانكۆ ، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی كرد به‌ پلان و كاروچالاكییه‌كانیان بۆ ساڵی 2019 و ووتی پلانمان هه‌یه‌ كاری باشترو ناوازه‌تر ئه‌نجام بده‌ین به‌تایبه‌ت له‌ ڕیفۆرمی خوێندن و دانانی پرۆگرامی باشترو به‌سودتر بۆ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی خوێندن و به‌ستنی چه‌ندین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی و سیمیناری زانستی كه‌ بێگومان هه‌موو ئه‌مانه‌و چه‌ندین چالاكی زانستی تر له‌خزمه‌ت پرۆسه‌ی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌بێت.

پاشان  د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ڕاگری كۆلیج و په‌یمانگاكانی سه‌ر به‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كۆبوه‌وه‌و له‌ نزیكه‌وه‌ گوێ ی له‌ سه‌رجه‌م داواكاری و پێشنیاره‌كانیان گرت و به‌ڵێنیدا به‌پێی توانا هاوكارو پشتیوانیان بێت.

له‌كۆتا وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی چه‌ند به‌ش و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌ییه‌كی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌سه‌ر كرده‌وه‌.