كه‌ناڵی SPUHD ده‌ستی به‌ په‌خشی ئه‌زموونی كرد

  • كانونی دووه‌م 31, 2019
  • 314 Views
كه‌ناڵی SPUHD ده‌ستی به‌ په‌خشی ئه‌زموونی كرد

له‌ مه‌راسیمێكی شایسته‌دا زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و له‌ داهێنانێكی نوێ و به‌ ته‌رزێكی سه‌رده‌میانه‌ ،  به‌ دروشمی (زانست – داهێنان) كه‌ناڵی SPUHD كرده‌وه‌.

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 31 ی كانونی دووه‌می 2019 له‌ مه‌راسیمێكی شایسته‌داو به‌ ئاماده‌بوونی د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و ئازاد محمد امین سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و د. ڕه‌زا حسن سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی و د. پۆڵا خانه‌قا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ توێژینه‌وه‌ی زانستی و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ مامۆستایانی زانكۆو خوێندكاران و میدیاكاران و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن په‌خشی ئه‌زموونی كه‌ناڵی SPUHD ده‌ستیپێكرد.

سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌ پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی له‌پاش به‌خێرهاتنی وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و سه‌رجه‌م ئاماده‌بوانی مه‌راسیمه‌كه‌ پیرۆزباییه‌كی گه‌رمی ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رو ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی كه‌ناڵه‌كه‌و ستافی كارمه‌ندان و گشت ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ دامه‌زراندنی كه‌ناڵی SPUHD دا ماندوبوون كرد ، گرنگی هه‌بوونی كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ ده‌نگ و ڕه‌نگی مامۆستایان و خوێندكاران به‌ پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌یی وه‌صفكرد و ڕایگه‌یاند هه‌نگاوێكی باشمان بڕیوه‌ پێمان خۆشه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌مان شه‌فافانه‌ كار له‌سه‌ر گشت سێكته‌ره‌كان بكات و ببێته‌ بڵندگۆی خوێندنی باڵاو هاندانی هاوڵاتیانی خۆشه‌ویستی كوردستان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجی گه‌وره‌یان له‌ بڕوانامه‌ی به‌رزو ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و داهێنان له‌ پسپۆریه‌ جیاوازه‌كاندا.

 

پاشان له‌ ووته‌یه‌كیدا د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و ئارام بكر به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵه‌كه‌ له‌ ژووری په‌خش ده‌ستپێكی كاركردنیان ڕاگه‌یاند، پاشان وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ ووته‌یه‌كیدا پیرۆزبایی خۆی گه‌یانده‌ سه‌رۆكی زانكۆو كارمه‌ندان و ستافی كه‌ناڵی SPU و سه‌رجه‌م زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بۆ كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵه‌كه‌ و به‌ هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی پڕبایه‌خ له‌قه‌ڵه‌مدا. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی كرد به‌ ڕۆڵی میدیا له‌گشت كایه‌كاندی ژیانی ئه‌مڕۆداو كاریگه‌رییه‌كانی ، هیوای خواست كه‌ناڵی SPU په‌یامی زانست به‌رز ڕابگرێت و كاربكات به‌ئاراسته‌ی شكاندنی ئه‌و ڕێچكه‌یه‌ی كه‌ له‌چه‌ندین ساڵه‌ی ڕابردوودا كه‌ناڵه‌كانی تر نه‌یانتوانیوه‌ به‌پێ ی پێویست گرنگی به‌ بواری زانست و خوێندنی باڵاو هاندانی هاوڵاتیانی كوردستان بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی به‌رزو شاره‌زایی زیاتر له‌ سه‌رجه‌م بواره‌ زانستی و ژیارییه‌كاندا، پشتیوانی خۆی بۆ كه‌ناڵه‌كه‌ و زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ده‌ربڕی و دوباره‌ پیرۆزبایی خۆی دوپاتكرده‌وه‌.

 

دوا به‌دوای ئه‌وه‌ ڕاپۆرتێكی ڤیدیۆیی له‌سه‌ر سه‌ره‌تای دروست بوونی بیرۆكه‌و ده‌ستپێكردنی كارو پیشاندانی ستافی كه‌ناڵه‌كه‌ به‌ شێوه‌ی داتاشۆ سكرین نمایش كراو پاشان داوا له‌ وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و سه‌رۆكی زانكۆ كرا كه‌ كێكی ده‌سپێكی كه‌ناڵی SPUHD ببڕن به‌ڵام گه‌وره‌یی خۆیان نواندو داوایان له‌ كارمه‌ندانی كه‌ناڵه‌كه‌ كرد به‌ده‌ستی خۆیان كێكه‌كه‌ ببڕن و مه‌راسیمه‌كه‌ پیرۆتر بكه‌ن.

به‌شی دووه‌می مه‌راسیمه‌كه‌ پێكهاتبوو له‌ دیبه‌یتێك بۆ هه‌ریه‌ك له‌ (كاروان انور سكرتێری سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسان لقی سلێمانی و كاروان شێخ عوسمان به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ردوو كه‌ناڵی ناوخۆیی گه‌لی كوردستان و سپۆرت و د. ڕێبه‌ر گۆران سه‌رۆكی به‌شی ته‌كنیكی میدیا له‌ كۆلێجی ته‌كنیكی كارگێڕی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ) له‌سه‌ر میدیای تایبه‌ت و كاریگه‌رییه‌كانی به‌ڕێوه‌ چوو .

شایانی باسه‌ كۆی مه‌راسیمه‌كه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌شاشه‌ی SPUHD وه‌ گواسترایه‌وه‌ .

 

كه‌ناڵی SPUHD له‌ 2018/10/17 مۆڵه‌تی فه‌رمی له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی وه‌رگرتوه‌و له‌سه‌ر سیستمی  DVBT  و ئامێره‌كانی میكس میدیا په‌خشی خۆی ده‌ستپێكرد و به‌ دروشمی (زانست – داهێنان) و به‌ستافێكی گه‌نج و شاره‌زاوه‌ له‌ پلانیاندایه‌ خزمه‌تێك به‌ میدیا و ته‌له‌فزیۆنی كوردی و پرۆسه‌ی خوێندن بكه‌ن.