د.یوسف گۆران: لە بواری زانستی ئەزموونێكی سەركەوتوومان لەگەڵ فەرەنسا هەیە

  • شوبات 9, 2019
  • 258 Views
د.یوسف گۆران: لە بواری زانستی ئەزموونێكی سەركەوتوومان لەگەڵ فەرەنسا هەیە

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: گەلی كورد پەیوەندییەكی لە مێژینە و قوڵی لەگەڵ فەرەنسادا هەیە، لەئێستاشدا بەجێبەجێكردنی پڕۆژەی زانستی هاوبەش پەیوەندییەكانمان دەبینە ئاستێكی باڵا و گەشەی پێدەدەین.

د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە دیدارێكیدا لەگەڵ ژان نوێل بالێۆ ڕاوێژكاری كەلتوری لە باڵێۆزخانەی فەرەنسا لە بەغداد و، دۆمینیك ماس كونسڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر و، د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەكان باسی لە گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی كوردستان كرد.

لە سەرەتای دیدارەكەدا ژان نوێل بالێۆ ڕاوێژكاری كەلتوری لە باڵێۆزخانەی فەرەنسا لە بەغداد ئامانجی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان ئاشكرا كرد و وتی: هاتنم بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەیە كە ئەخوازین‌ لە بواری هەماهەنگی زانستی و كەلتوری پەرە پێبدەین، ئەوەش لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك ئیمانوێل ماكرۆن و لێپرسراوانی باڵای وڵاتەكەمانە بەتایبەت لەگەڵ زانكۆكانی كوردستان، ئەوەش لەسەر بنەمای دواین ڕیزبەندی زانكۆكانی كوردستان، كە زانكۆكانی (سەڵاحەددین/ هەولێر، سلێمانی، سۆران، كوردستان/هەولێر، كۆیە و هەولێری پزیشكی) پێشەنگی زانكۆكانی كوردستان بون، وتیشی خۆشبەختانە دۆخی زانكۆكانی كوردستان بەراورد بەزانكۆكانی ئێراق باشترە، ئەوەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی هەماهەنگیمان لەگەڵ ئێوە زیاتر بێ، هیواشی خواست ئەو سێكتەرانە دیاری بكەن بۆ ئەوەی لە داهاتودا لەگەڵ زانكۆكانی كوردستان كاری لەسەر بكەن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، ڕاوێژكاری كەلتوری لە باڵیۆزخانەی فەرەنسا وتی: ئامانجمان ئەوەیە ئاسانكاری بۆ ئاڵوگۆڕی خوێندكاران بكەین، بەتایبەت ئەوانەی دەیانەوێ خوێندنی باڵا لە فەرنسا تەواو بكەن، وتیشی هەوڵدەدەین مامۆستایانی فەرەنسی بێنە كوردستان لە زانكۆكان‌ وانە لە بوارە جیاكان‌ بڵێنەوە، ئاشكراشیكرد لە داهاتوویەكی نزیكدا دەسەڵاتدارانی فەرەنسا هەموو زانكۆكانی فەرەنسا كۆدەكەنەوە و، ڕایاندەسپێرن هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرزبكەنەوە، پێشیان ڕادەگەیەندرێت ئەوە سیاسەتی وڵاتە، وتیشی هاتنم بۆ وەزارەت‌ بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە بوو، (ژان نوێل بالێۆ) ڕایگەیاند: وڵاتەكەمان دوو پڕۆگرام هەیە یەكێكیان تایبەتە بەخوێندنی ماستەر و پڕۆگرامی دووەمیش تایبەتە بە توێژەر و توێژینەوە لە بوارە جیاوازەكان، هیوای خواست لە نزیكترین كاتدا بەهەماهەنگی وەزارەت دەست بەجێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە بكەن.

لەبەرامبەردا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوای بەخێرهێنانی وەفدی میوان، كورتەیەكی لەبارەی پەیوەندی لە مێژینەی نێوان گەلی كورد و فەرەنسا كرد، بۆ ئەوەش وتی: فەرەنسا بەدۆستی لە پێشینەی خۆمان دەزانین، چونكە لە سەردەمی سەرۆك‌ (شارل دیگۆل)ەوە تا شەڕی داعش بەرامبەر بەگەلەكەمان درێخی نەكردوە و هاوكارمان بوە، وتیشی ئێستاش كە دەبین بەچەند بەرنامەیەكی جیاواز دەخوازن هاوكار و هەماهەنگمان بن ئەوەش شانازیەكی دیكەیە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، د.یوسف گۆران باسی لە پەیوەندییەكانی وەزارەتەكەی لەگەڵ فەرەنسا كرد و ڕایگەیاند: لەلایەنی خوێندنی باڵا ئەزموونێكی باشمان لەگەڵ فەرنسا هەیە بەتایبەت لە بەرنامەی توانسازی، چونكە كەمترین گرفتمان هەبووە، تەنانەت شێوەی بەرێوەبردنەكەمان زۆر سەركەتوو بووە و نە كێشەی لۆجیستی نە كێشەی دارایمان بۆ دروست بوو‌، بۆ ئەوەش ستایشی ڕۆڵی كونسڵی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان كرد.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەگرنگیەوە پێشوازی لە پڕۆژە نوێیەكانی فەرەنسا لە بواری خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان كرد و ڕایگەیاند: پێمان خۆشە پڕۆژەی دیكەمان هەبێ بۆ ڕەوانەكردنی خوێندكار بەتایبەت‌ لە بواری ماستەر و دكتۆرا و ئاڵوگۆڕی توێژەر و ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش، وتیشی پڕۆژەكەتان بەرزی دەنرخێنین، وتیشی لە هەندێ بواری تایبەت لە بواری زانستە مرۆڤایەتیەكان كە فەرەنسا پێشكەتوە وەك سۆسیۆلۆژیا و سیاسەت و پەیوەندییەكان و یاسا دەكرێ پەیوەندی بەهێزترتان لەگەڵ زانكۆكانی كوردستان هەبێ بەتایبەت لە هاتنی مامۆستا بۆ ئەو بەشانە كە بەلای ئێمە زۆر گرنگە، هەروەك بڕیاری پێكهێنانی لێژنەیەكی لە دیوانی وەزارەتدا تا پێشنیازەكان بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە.

لە بەشی كۆتایی وتەكانیدا، د.یوسف گۆران باسی لە ستراتیجی وەزارەت كرد و ڕایگەیاند: وەزارەتەكەمان هانی زانكۆ ئاستبەرزەكانی دنیا دەكات لقەكانیان لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە، وتیشی تا ئێستا توانراوە ژمارەیەك لە زانكۆ ئاستبەرزەكانی دونیا وەك زانكۆكانی‌( چیك، ئەمریكا و مالیزیا) بێنە هەرێمی كوردستان، لە ئاڵمانیاش لە گفتوگۆداین بۆ كردنەوەی لقی زانكۆكانیان لە هەرێمی كوردستان، لەو چوارچێوەیەدا داوای لە ‌كونسڵی فەرەنسا كرد هانی زانكۆكانی وڵاتەكەیان بدەن بۆ كردنەوەی لقی زانكۆكانیان لە كوردستان، وتیشی هەرێمی كوردستان زۆر ئارامە،‌ بۆیە كردنەوەی ئەو زانكۆیانە نەك تەنها خزمەتی كوردستان دەكات، بەڵكو دەتوانن لێرەوە خزمەتی سەرانسەری ئێراق بكەن، ئەوكاتە ئاڵوگۆڕی خوێندكار و مامۆستا و توێژەر زۆر ئاسانتر دەبێت، هیوای خواست‌ وەك پڕۆژەیەكی ستراتیجی بیر لەو پڕۆژەیە بكەنەوە.

*راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.