د.یوسف گۆران: ئەكادیمیستان دەتوانن رۆڵی گەورە و كاریگەر بگێڕن لە چارەسەركردنی كێشەكان

  • شوبات 10, 2019
  • 234 Views
د.یوسف گۆران: ئەكادیمیستان دەتوانن رۆڵی گەورە و كاریگەر بگێڕن لە چارەسەركردنی كێشەكان

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: وڵاتەكەمان پێویستی زۆری بەڕۆڵ و تێڕوانینی ئەكادیمیستان هەیە تا ئەو كێشانە چارەسەر بكەن، كە لە سێكتەرە جیاوازەكان روبەڕوی كۆمەڵگەكەمان دەبێتەوە.

ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەمیانەی پێشوازیكردنی وەفدێكی سەندیكای ئەكادیمیستانی عێراقیدا هات.

لە دیدارێكدا، كە د.نەژدەت ئاكرێی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان و، د.محەمەد حسێن سەرۆكی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا د.مهند الهلال نەقیبی سەندیكای ئەكادیمی عێراقی بەناوی وەفدی هاوڕێی سوپاسی ئەو میوانداریەی كرد و كورتەیەكی لەبارەی سەردانەكەیان و ئامانجی دامەزراندنی ڕێكخراوەكەیان باسكرد، وتیشی: دەخوازین سەندیكاكەمان رۆڵی هەبێت لە رێكسختنەوەی ئەكادیمیستەكان لەسەرانسەری عێراقدا، هەروەها داواشی لە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كرد میكانزمی كاركردنیان لە هەرێمی كوردستان بۆ دابنێین، ناوبراو وتیشی: سەندیكاكەمان سەندیكایەكی نوێیە و هەوڵی ڕێكخستنەوەی كاروبارەكان ئەكادیمیستان دەدەین و، كاردەكەین تا هەماهەنگی لە نێوان زانكۆكان و ئەنجومەنی زانكۆكان پەرەپێبدەین بۆ چارسەركردنی ئەو كێشانەی روبەڕوی مامۆستایان و ئەكادیمیستان و زانكۆكان دەبێتەوە.

لەبەرامبەردا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوای بەخێرهێنانی وەفدی میوان بەگرنگیەوە باسی لە پێگە و رۆڵی ئەكادیمیستەكان كرد و ڕایگەیاند: پیویستی زۆرمان بە رۆڵی ئەكادیمیستانە نەك تەنها بۆ چارەسەركردنی كێشە ئەكادیمیەكان و زانكۆكان، بەڵكو بۆ كێشە سیاسی و كێشەكانی دیكەی كۆمەڵگەش، چونكە ئەقل و بیركردنەوە و تێڕوانینی كەسانی ئەكادیمی تەنها تێڕوانینیی ئەكادیمی و بێلایەنیە، ئەوەش ڕۆڵێكی باش دەگێڕێ.

سەبارەت بەداواكەیان، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: وەك وەزارەت بەخۆشحاڵیەوە پێشوازی لە هەر دیدار و گفتوگۆ و چاوپێكەوتنێكی ئەكادیمی و‌ كۆڕ و كۆنفرانسی زانستی لە نێوان ئەكادیمیستان لە سەرانسەری ئێراق دەكەینەوە، چونكە پێمان وایە ئەو پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی زانستە نەك تەنها بۆ ئەكادیمیستەكان، بەڵكو بۆ لایەنەكانی دیكەی ژیانیش گرنگ و كاریگەرە، وتیشی دوای هەڵسەنگاندنی وردی داواكارییەكەتان، وەڵاتان دەدەینەوە.

*بەڕێوەیەرایەتی راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی