كۆبوونەوەیەكی گرنگی سەرجەم لێپرسراوانی تۆماری زانكۆ بەڕێوەچوو

  • شوبات 13, 2019
  • 356 Views
كۆبوونەوەیەكی گرنگی سەرجەم لێپرسراوانی تۆماری زانكۆ بەڕێوەچوو

لە هۆڵی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كۆبوونەوەی سەرجەم لێپرسراوانی تۆماری كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆ بەڕێوەچوو و تێیدا چەند تەوەرێكی گرنگ گفتوگۆی لەبارەوە كرا.

كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتی پ.ی.د.دانا ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و خوێندكاران و م.بەختیار عوبێد شەریف لێپرسراوی تۆماری گشتی زانكۆ و پەیوەندییە ئەكادیمییەكان بەڕێوەچوو.

لەو بارەیەوە م.بەختیار عوبێد شەریف بۆ سایتی زانكۆمان ئاماژەی بە ناوەڕۆك و گرنگی كۆبوونەوەكە كرد و رایگەیاند: كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ لەسەر بنەمای دوو تەوەری زۆر گرنگ ئەنجامدرا ئەوانیش گفتوگۆكردن بوو لەسەر پلان و چۆنێتی خۆئامادەكردن بۆ بەڕێوەچوونی 38هەمین كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی رێكخراوی عەرەبی بۆ لێپرسراوانی وەرگرتن و تۆمار لە زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی كە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا لەلایەن زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانییەوە میوانداری دەكرێت.

سەبارەت بە تەوەری دووەمی كۆبوونەوەكە لێپرسراوی تۆماری گشتی زانكۆ وتی: تەوەری دووەمیش تایبەت بوو بە كاروباری ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتییەكانی تۆماری سەرجەم كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆ، كە خۆی لە ئاماری دەرچووان و وەرگیراوانی خوێندكاران و چۆنێتی خۆئامادەكردن بۆ ماستەرشیپ و ئامادەكردنی بڕوانامە بۆ خوێندكار لە زووترین كاتدا دەبینیەوە، لەگەڵ ئامادەكردنی ئامار و زانیاری خوێندنی پارالێڵ و خوێندنی ئێوان بۆ لیژنەكانی چاودێری وەزارەتی خوێندنی باڵا، هەروەها باس لەو هەوڵانەش كرا كە هاوشێوەی تۆماری سەرۆكایەتی زانكۆ تۆماری سەرجەم كۆلێج و پەیمانگانیش بكرێت بە ئەلكترۆنی.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا گوێ لە داواكاری و پێشنیار و سەرنجی لێپرسراوانی تۆماری سەرجەم كۆلێج و پەیمانگانی سەر بە زانكۆ گیرا و بەڵێنی هاوكاری و پیشتیوانیكردنیان بۆ دووپاتكرایەوە.