تاقیكردنەوەی كۆرسی زمانی ئینگلیزی (foundation) بۆ خوێندكارانی پەیمانگای زانستی كۆمپیوتەر بەڕێوەچوو

  • 2019-02-18
  • 632 Views
تاقیكردنەوەی كۆرسی زمانی ئینگلیزی (foundation) بۆ خوێندكارانی پەیمانگای زانستی كۆمپیوتەر بەڕێوەچوو

لەچوارچێوەی چاكسازییەكانی پرۆسەی خوێندن، ئەمساڵ زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بۆ یەكەمینجار و وەك یەكەمین زانكۆ لەسەر ئاستی هەرێم كۆرسی زمانی ئینگلیزی (foundation)ی بۆ خوێندكارانی قۆناغی یەكەمی چوار كۆلێج و دوو پەیمانگای زانكۆ دەستپێكرد و ئەمڕۆش لەو چوارچێوەیەدا لە سەنتەری نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی زیاتر لە 250 خوێندكاری قۆناغی یەكەمی پەیمانگای زانستی كۆمپیوتەر لەهەر سێ بەشەكانی ئایتی و نێتوێرك و داتابەیس تاقیكردنەوەی كۆرسی زمانی ئینگلیزی (foundation)یان ئەنجامدا.

لەوبارەیەوە هێڤار محمد مامۆستای یاریدەدەر و لێپرسراوی زانستی لە سەنتەری نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە سایتی زانكۆی راگەیاند: لەپێناو بەرزكردنی ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پرۆگرامی زمانی ئینگلیزی (foundation) بۆ خوێندكارەكانی جێبەجێ دەكات ، كە دەچێتە چوارچێوەی ئەو چاكسازییانەی كە بۆ پرۆسەی خوێندن لەلایەن سەرۆكایەتی زانكۆوە بڕیاری لەسەر دراوە ئەمڕۆش لەو چوارچێوەیەدا زیاتر لە 250 خوێندكاری قۆناغی یەكەمی پەیمانگای زانستی كۆمپیوتەر تاقیكردنەوەیان ئەنجامدا كە لە پێكهاتبوون لە تاقیكردنەوەكانی (خوێندنەوە و نووسن ) و (گوێگرتن و گفتووگۆكردن).

مامۆستا هێڤار محمد وتیشی: ئێمە وەك سەنتەری نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی لیژنەیەكی پسپۆڕمان بۆ مەبەستە پێكهێناوە كە ئەمساڵ نزیكەی هەزار و پەنجا خوێندكاری قۆناغی یەكەمی زاكۆمان كۆرسی زمانی ئینگلیزی ( foundation ) وەردەگرن لە سەنتەرەكەمان، لەبەرئەوەی لەئێستادا زمانی ئینگلیزی بۆتە مەرجی سەرەكی خوێندن لە مەنهەجی زانكۆكەماندا.

شایەنی باسە ئەم خوێندكارانەی ئەمڕۆ تاقیكردنەوەیان ئەنجامدا لە رێگەی مەنهەجێكی تایبەتەوە كۆرسی زمانیان وەرگرتووە و بەردەوامن لە خوێندنی كۆرسەكەیان كە رەچاوی تەواوی ئەو مەرجانەكراوە كە پێویستن بۆ كۆرسی ( foundation).