رێكخراوێكی هۆڵەندی سەردانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەكات

  • شوبات 25, 2019
  • 186 Views
رێكخراوێكی هۆڵەندی سەردانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەكات

بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی لێكتێگەیشتن و كاری زانستی هاوبەش رێكخراوێكی پەروەردەی هۆڵەندی سەردانی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد و لەگەڵ سەرۆكی زانكۆ چەند تەوەرێكی تایبەت بە پەروەردە و پرۆسەی خوێندیان تاوتوێكرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 2019/2/25 پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە سەرۆكایەتی زانكۆ پێشوازی لە وەفدێكی باڵای رێكخراوی نوفیك ( Nuffic )ی هۆڵەندی كرد كە لەبواری بەنێودەوڵەتیكردنی پەروەردەدا كاردەكات، لە كۆبوونەوەیەكدا بەئامادەبوونی د.كامیل سابر راگری پەیمانگای تەكنیكی بەكرەجۆ و ئارام بەكر بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی SPUHD، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەگەڵ وەفدی میوان گفتوگۆیان لەبارەی ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی لێكتێگەیشتن و كاری زانستی هاوبەش و چۆنێتی دروستكردنی هەماهەنگییەكی پەروەردەیی لە نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا كرد.

لەوبارەوە د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی رایگەیاند: وەكو زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئامادەین پەیوەندییە ئەكادیمییەكانمان لەگەڵ زانكۆ و پەیمانگا و ناوەندەكانی خوێندنی هۆڵەندا پەرەپێبدەین و هەنگاوی پێویست بنێین بۆ هێنانەدی و ئەنجامدانی لێكتێگەشتنی هاوبەش لە نێوانماندا، وە لەو چوارچێوەیەشدا ئامادەین هەموو جۆرە هاوكارییەك پێشكەش بكەین تا بتوانین بەشێوەیەكی باش خزمەت بە خوێندكارەكانمان و پرۆسەی خوێندن بكەین.

د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین بۆ وەفدی میوانی روونكردەوە كە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی خاوەنی پێنج كۆلێج و هەشت پەیمانگایە و ژمارەیەكی زۆر لێكتێگەیشتنی زانستی لەگەڵ زانكۆ و پەیمانگا و رێكخراوەكاندا هەیە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەشێوەیەك كە لە 4 ساڵی رابردوودا نزیكەی 60 رێكەوتنی ئەنجامداوە، وە تائێستا چەندین كۆنفرانس و سیمپۆزیۆم و سیمیناری نێودەوڵەتی لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات ئەنجامداوە و لە پلانیدایە كار و پرۆژە زانستییە هاوبەشەكانی فراوان بكات.

پاشان سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لۆگۆی زانكۆ و تابلۆی سەرای سلێمانی و شیرینی تایبەت بە سلێمانی پێشكەش بە وەفدی رێكخراوی نوفیك ( Nuffic )ی هۆڵەندی كرد.

دواتر وەفدی رێكخراوی نوفیك ( Nuffic )ی هۆڵەندی سەردانی سەنتەری نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی زانكۆ و بینای تەلەفزیۆنی SPUHDی كرد و سەرجەم بەش و بەڕێوەبەرایەتییەكانی زانكۆی بەسەركردەوە.

رێكخراوی نوفیك ( Nuffic ) رێكخراوێكی سەربەخۆی هۆڵەندییە و بارەگا سەرەكییەكەی لە شاری لاهایە، كار بۆ بە نێودەوڵەتیكردنی بواری پەروەردە دەكات و لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و رۆشنبیری و زانست و كاروباری دەرەوەی هۆڵەندەوە پشتیوانی دەكرێت.