هۆڵەندا هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەكات

  • شوبات 26, 2019
  • 206 Views
هۆڵەندا هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەكات

وەزیری خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی رایگەیاند هۆڵەندا بە پێشكەشكردنی شارەزایی لە بوار و كەرتە جیاوازەكانی خوێندنی باڵا دەتوانێت سوود بە زانكۆكانی كوردستان ببەخشێت، بەتایبەت ئاڵوگۆڕی خوێندكاران و توێژەران و سوود وەرگرتن لە ئەزمونی هۆڵەندا بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ بەش و كۆلێژە كشتوكاڵییەكان لە زانكۆكانی كوردستان.

ئەم وتانەی د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ سێشەممە ڕێكەوتی (٢٦/٢/٢٠١٩) لە میانەی پێشوازیكردنی وەفدێكی وڵاتی هۆڵەندا هات، كە پێكهاتبوو لە (ڤیلم كۆزاین) كونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە كوردستان و، (دەیڤد فان كاپن) سەرۆكی وەفدی ڕێكخراوی (نۆفیك) و (سلیڤا فان رۆزێ) ڕاوێژكاری ڕێكخراوەكە.

لەبارەی سیستمی خوێندن و پێشكەوتنەكانی هۆڵەندا لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا و بەتایبەتیش كشتوكاڵ، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند دەخوازین بەهۆی پێشكەوتنی بەرچاوی ئەم وڵاتە لە بواری خوێندنی باڵا بەتایبەت كشتوكاڵ هەماهەنگی و هاوكاری لەنێوان هەردولامان بەردەوام بێت، هەروەها بتوانین لە داهاتوودا پەیوەندییەكان فراوانتر بكەین بۆ پەرەپێدانی كەرتەكانی تر وەك: پشەسازی خۆراك و وزەی بەردەوام و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لە گشت بوارە جیاوازەكان لەو وڵاتە.

بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هۆڵەندا بۆ پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی وەك زمانی دووەم، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوپاتیكردەوە بەپێویستی دەزانین لەم بوارەدا وەك چۆن پڕۆژە و كاری بەردەوام لە وەزارەتەكەمان هەبووە، بەم شێوەیەش هاوكارمان بن بۆ ئەنجامدانی كاری هاوبەش بەمەبەستی پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی وەك زمانی دووەم و گۆڕینەوە و ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و كردنەوەی خول و ڕاهێنان و پڕۆژەی هاوبەش لە نێوان هەردولا، بەو پێیەی ژینگەی هاوبەشی كاركردن و پێكەوەیی نێوانمان گونجاوە.

لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا د. یوسف گۆران باسی لە ڕێكەوتن و پڕۆژەی هاوبەش كرد لەگەڵ ژمارەیەك لە وڵاتان بەتایبەت لەبواری خوێندنی باڵا ماستەر و دكتۆرا و ئاڵوگۆڕی زانستی و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی، بۆ ئەوەش پێشنیازی خستە بەردەم وەفدی وڵاتی هۆڵەندا بۆ دروستكردنی پەیوەندی لە بواری ئاڵوگۆڕی خوێندكاران و قوتابیان و توێژەران و هەماهەنگیكردن لەگەڵ كۆلێژ و بەشە كشتوكاڵییەكان لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و، سوود وەرگرتن لە ئەزمونی هۆڵەندا بۆ پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی و ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش.

بۆ ئەوەش وەفدەكەی راگەیاند و دووپاتیان كردەوە مەبەستیانە لە بوارەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و كشتوكاڵ بواری دیكە هاوكاری پێشكەش بە هەرێم و خەڵكی كوردستان بكەن و، لە داهاتوودا بەهاوبەشی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی هاوبەشیان هەبێت لەگەڵ زانكۆكانی كوردستان.

لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا ئەوە خرایەڕوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ زانكۆكان بژاردەی كاری پێكەوەیی دەرەخسێنێت، بەمەبەستی دروستكردنی هەماهەنگی بەردەوام و كاری داهاتوی پێكەوەیی لە نێوان هەردولا.

(نۆفیك) ڕێكخراوێكی تایبەتە بە كەرتی خوێندن و سەر بەوەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندایە و، كاردەكات بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی خوێندنی هۆڵەندا.