زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و یەكێتی عەرەبی بۆ گەشەپێدان و ژینگە رێكەوتننامەیەك واژۆ دەكەن

  • ئازار 4, 2019
  • 178 Views
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و یەكێتی عەرەبی بۆ گەشەپێدان و ژینگە رێكەوتننامەیەك واژۆ دەكەن

لەپێناو بەرەوپێشبردن و باشتركردنی خزمەتگوزاری ژینگەیی بەشێوازێكی زانستی و تەكنیكی سەردەمەیانە، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و یەكێتی عەرەبی بۆ گەشەپێدان و ژینگە رێكەوتننامەیەكی هاوبەشیان واژۆكرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 2019/3/4 لە سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و د.خالید محەمەد حسێن ئەندامی دەستەی زانستی و راوێژكاریی یەكێتی عەرەبی بۆ گەشەپێدان و ژینگە و بەئامادەبوونی پرۆفیسۆر د.سۆران ئەبوبەكر یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و پ.ی.د.دانا ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و خوێندكاران و بەختیار عوبێد شەریف بەرپرسی پەیوەندییە ئەكادیمییەكانی زانكۆ و شێركۆ محەمەد لێپرسراوی سەنتەری توێژینەوەی زانكۆ، رێككەوتننامەیەكی هاوبەش لە نێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و یەكێتی عەرەبی بۆ گەشەپێدان و ژینگە واژۆكرا.

بەپێی رێككەوتننامەكە چالاكی و توێژینەوەی هاوبەش لە نێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و یەكێتی عەرەبی بۆ گەشەپێدان و ژینگە ئەنجام دەدرێت لەپێناو بەرەوپێشبردنی ژینگە بەشێوازێكی زانستی و سەردامیانە كە خزمەت بە هەردوولا بكات.

رێككەوتننامەی نێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و یەكێتی عەرەبی بۆ گەشەپێدان و ژینگە چەندین خاڵ و ماددەی لەخۆگرتووە كە گرنگترینیان ئاڵوگۆڕی خوێندكاران و مامۆستایان و بەدەستهێنانی پسپۆڕی لە بواری ژینگە و گەشەپێدانی بەردەوام و كردنەوەی خول راهێنان بۆ خوێندكاران و مامۆستایان و توێژەران لە كەرتی ژینگە و هەماهەنگی كردن لەگەڵ ئەو رێكخراوانەی كە ئامانجیان پاراستنی ژینگە و تەندروستی مرۆڤ و فەراهەمكردنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ ژیانێكی تەندروست، هەروەها ئەنجامدانی كۆنفرانس و سیپۆزیۆم و سیمیناری هاوبەش لەپێناو هۆشیاركردنەی كۆمەڵگە لە كەرتی ژینگەدا، هەروەها رەخساندنی هەلی كار بۆ خوێندكارە دەرچووەكانی زانكۆ.

یەكێتی عەرەبی بۆ گەشەپێدان و ژینگە بارەگا سەرەكییەكەی دەكەوێتە قاهیرەی پایتەختی وڵاتی میسر و لەپێناو پاراستی ژینگە و سامانە سروشتییەكان لەناوچوون چەندین لقی لە وڵاتانی ناوچەكە و جیهان كردۆتەوە.