پەیامی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بۆ یادی راپەڕین

  • ئازار 5, 2019
  • 398 Views
پەیامی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بۆ یادی راپەڕین

لەیادی 28 ساڵەی راپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستاندا ئەنجومەن و سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە و ئەو یادە مەزنەی بە وەرچەرخانێكی مێژوویی لەقەڵەم دا.

لە پەیامەكەدا ئەنجومەن و سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەناوی زانكۆ و مامۆستایان و خوێندكاران و فەرمانبەرانەوە پیرۆزبایی تێپەڕبوونی 28 ساڵ بەسەر راپەڕینە شكۆدارەكەی گەلی كوردستان، ئاڕاستەی سەرجەم كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكات و ئەو یادە مەزنە بە وەرچەرخانێكی مێژوویی میلەتەكەمان وەسف دەكات.

هەر لە پەیامەكەدا هاتووە دەستكەوتەكانی راپەڕین تەنها رزگاركردنی خاكی كوردستان نەبوو لەدەست رژێمی بەعسی لەناوچوو، بەڵكو بووە هەوێنی دروستكردنی كیانێكی سەربەخۆ بۆ گەلەكەمان و ئاوەدانكردنەوەی زۆربەی ئەو ناوچانەی كە بەهۆی ئەو رژێمە فاشییەوە خاپوركرابوون، هەروەها زانكۆ و ناوەندە ئەكادییمەكانی هەرێمی كوردستان فراوانبوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی كە لەئێستادا خاوەنی دەیان زانكۆ و پەیمانگای حكومی و ناحكومییەو لەو بوارەدا خزمەتی گەورەی زانستی پێشكەش بە گەلەكەمان كردووە.
ئەنجومەن و سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی داواكارە پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی راپەڕین بكرێت و خوێنی شەهیدانی راپەڕین ببێتە هەوێنی یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوەژیانی میلەتەكەمان، هەر لەو چوارچێوەیەشدا كار بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە هەرێمی كوردستان بكرێت.

لە كۆتایی پەیامەكەیدا ئەنجومەن و سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دووبارە پیرۆزبایی خۆیان دووپاتكردەوە و ئومێدەوارن ساڵی ئایندە ساڵی گەیشتن بێت بە گشت ئاوات و ئامانجی گەلەكەمان.