زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەوامی فەرمانبەرانی ئاسایی دەكاتەوە

  • ئازار 26, 2019
  • 123 Views
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەوامی فەرمانبەرانی ئاسایی دەكاتەوە

 

بەمەبەستی ئاسایكردنەوەی دەوامی فەرمانبەران لە كۆلێج و پەیمانگاكانی زانكۆ، ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هەشتەمین كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لەمساڵدا ئەنجامدا و چەند تەوەرێكی گرنگی تاوتوێكرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 2019/3/26ی بەسەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانكۆ لە هۆڵی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی زانكۆ بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەكەدا چەند تەوەری گرنگ گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، بە تایبەت پابەندبوون بە بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەپێناو ئاسایی كردنەوەی دەوامی فەرمانبەرانی زانكۆ لە مانگی داهاتووەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتنی مووچە دراو لە مانگی رابردوودا فەرمانبەران مووچەی بێ پاشەكەوتیان وەرگرت، لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە كار و چالاكییەكانی زانكۆ كرا لە مانگی داهاتوودا كە تایبەتن بە رۆژی زانكۆ كە بڕیارە لە سەرجەم كۆلێج و پەیمانگاكانی زانكۆ لە رۆژی 4/4 چالاكی و بۆنەی تایبەت بەو یادە بەڕێوەبچن.

لەو چوارچێوەیەشدا ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پشتیوانی خۆی بۆ تەواوی فەرمانبەرانی سەرۆكایەنی زانكۆ و كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆ دووپاتكردەوە و هیوای خواست فەرمانبەران پابەندن بە بڕیاری ئاسایی كردنەوەی دەوامەوە.