د.یوسف گۆران: كۆچەر بیركار شانازی میللەتەكەمانە و ستایشی كار و داهێنانەكانی دەكەین

  • ئازار 27, 2019
  • 180 Views
د.یوسف گۆران: كۆچەر بیركار شانازی میللەتەكەمانە و ستایشی كار و داهێنانەكانی دەكەین

د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: پرۆفیسۆری داهێنەری گەلەكەمان ( كۆچەر بیركار ) جێگەی شانازی میللەتەكەمانە، ‌بۆیە دەخوازم بەردەوامی بەڕێچكەی پێشكەوتن و داهێنانەكانی بدات، ئێمەش لە وەزارەتی خوێندنی باڵا پاڵپشتی و پشتیوانی تەواوی ئامانج و هیواكانی دەكەین.

ئەو راگەیاندنەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە دیوانی وەزارەت لە میانەی پیشوازیكردنی لە پرۆفیسۆری داهێنەر (كۆچەر بیركار) كرد

لەسەرەتای دیدارەكەدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوای بەخێرهێنانی د.كۆچەر بیركار بۆ هەرێمی كوردستان و، جارێكی دیكە، بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی فیڵدز پیرۆزبایی‌ ئاڕاستەی د.كۆچەر بیركار كرد و وتی: بە وەرگرتنی خەڵاتی فیڵدز خۆشحاڵ بووم كە لە بواری زانستی بیركاری بەدەستتهێناوە، سەركەوتن لەو بوارە گرنگەدا خۆشحاڵ و دڵخۆشی كردین، بۆیە جارێكی دیكە بەناوی خۆم و ئەنجومەنی وەزارەت پیرۆزبایی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەت لێدەكەم، وتیشی: پرۆفیسۆر و داهێنەری گەلەكەمان د.كۆچەر بیركار جێگەی شانازی میللەتەكەمانە و، خەڵكی كوردستان سەربەرزن كە داهێنەری وەك ئێوەی هەیە، ‌بۆیە دەخوازم بەردەوامی بە رێچكەی پێشكەوتن و داهێنانەكانی بدات، ئێمەش لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پاڵپشتی و پشتیوانی تەواوی ئامانج و هیواكانی دەكەین.

هەر لە میانەی وتەكانیدا، د.یوسف گۆران وتی: تۆ لە ماڵی خۆتی و لە كوردستانیكی بچوكەوە هاتۆی بۆ‌ كوردستانی گەورە، وتیشی:‌ وەك وەزارەت و زانكۆكان ئارەزوو دەكەین ئەو جۆرە پەیوەندیانه ‌بەردەوام بێت تا بتوانین پڕۆژەی زانستی گەورە بۆ خزمەتكردنی گەلەكەمان و خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكەین، هیواشی خواست بەهۆی ئەو ژینگە زانستیە تایبەتەی تێیدا دەژی و ئەو ئەزمونە دەوڵەمەندەی پەیدایكردوە‌ سودێكی زۆر پێشكەش بە زانكۆكانی كوردستان بكەن، هەروەك داواشی لێكرد هەر پڕۆژەیەكیان هەیە و، دەزانن خزمەت بەزانكۆكان و كۆمەڵگەی كوردی دەكات پێشكەشی بكەن بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەن.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوای ئەوەی پشتگیری خۆی بۆ وۆركشۆپی بەشەكانی ماتماتیك دوپاتكردەوە، لەهەمان كاتدا د.كۆچەر بیركاری ڕاسپارد لەو وۆركشۆپەدا‌ بەوردی كیشە و شێوەكانی خوێندن و وانەوتنەو بەتایبەت لە بواری ماتماتیك تۆمار بكەن و پێشكەشی وەزارەتی بكەن، وتیشی: بەداخەوە‌ دۆخی ماتماتیك لە كوردستان خراپە و ئارەزوی خەڵك بۆ ماتماتیك كەمبۆتەوە، هیواشی خواست‌ میكانزمیك بدۆزنەوە تا بتوانین هەڵسە‌‌نگاندنێكی ئەكادیمی و ورد لەو بوارە بكەن، بەئامانجی باشتركردنی ئەو بوارەی زانست.

لە بەرامبەردا، پرۆفیسۆر و داهێنەر د.كۆچەر بیركار دوای ئەوەی سوپاسی ئەو پێشوازی و میواندارییەی كرد، وتی: ئارەزوو دەكەم لەگەڵ زانكۆكانی هەر چوار پارچەی كوردستان كار بكەم، وتیشی ئەم سەردانەم بۆ كوردستان‌ هەنگاوی یەكەمە و، لە داهاتودا سەردانی زیاترمان دەبێت و پڕۆژە و كاری هاوبەش جیبەجێ دەكەین، وتیشی لە ئێستادا كار لەسەر دروستكردنی ڕێكخراوێك دروست دەكەین، كە بتوانێت زانایان و ئەكادیمیستانی كورد و دۆستانی كورد لە تاراوەگە لەخۆ بگرێ بۆ ئەوەی بتوانین خزمەت بەزانكۆكانی كوردستان و بواری زانست لە كوردستان بكەین.