وەفدێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەشداری لە خولێكی راهێنان لە فنلاند دەكات

  • 2019-04-02
  • 220 Views
وەفدێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەشداری لە خولێكی راهێنان لە فنلاند دەكات

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لێپرسراوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە وەزارەت و زانكۆكان ئەركێكی گەورەمان لەسەرشانە بۆ بونیاندانی داهاتوویەكی گەش بۆ نەوەكانمان، بۆیە پێویستە هەمووان پێكەوە بۆ بەدەیهێنانی ئەو ئامانجە كاربكەین.

ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەمیانەی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ راگری كۆلێجەكانی ئەندازیاری لە زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان هات، كە بۆ بەشداریكردن لە پەرەپێدانی خویندنی ئەندازیاری بەرەو فنلاند بەڕێدەكەون.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، د.داود ئەتروشی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئەندازە و پڕۆژەكان وتی: وڵاتی فنلاند باوەشی بۆ پڕۆژە و ڕیفۆرمەكانی وەزارەتەكەمان كردۆتەوە و، لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیەش لیژنەكەمان دەخوازێت سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتە وەربگرێت و، لە نزیكەوە پێشكەوتنەكانی ئەو وڵاتە لە بواری ئەندازیاری و خوێندنی ئەندازیاری ببینێت، پاشان كورتەیەكی لەبارەی كارنامەی سەردانی وەفدی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كە لە ڕاگری كۆلێجەكانی ئەندازیاری پێكهاتووە بۆ وڵاتی فنلاند خستەڕوو، ئەوەشی ڕوونكردنەوەی لە ماوەی مانەوەیان لە فنلاند بەشداری لە چەندین وۆركشۆپی و كۆبوونەوە دەكەن و، سەردانی ژمارەیەك لە زانكۆكانی ئەو وڵاتە دەكەن، وە كۆبوونەوە لەگەڵ دامەزراوە حكومییەكانیش دەكەن، بەمەبەستی پەرەپێدانی كۆلێجەكانی ئەندازیاری لە زانكۆكانی كوردستان.

بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: لەگەڵ دەستبەكاربوونمان لە وەزارەت بەشێوازێكی جیا دەستمان بەجێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی تایبەت كرد بۆ پەرەپێدان و گۆڕانكاری لە پڕۆگرامەكانی خوێندن لە كۆلێج و بەشە جیاكان، بەهەمان شێوە لە بواری ئەندازیاری، لە ڕێگەی لیژنەی پێداچوونەوە بە پرۆگرامی خوێندن لە كۆلێجەكانی ئەندازیاری هەنگاوی گرنگ چووینە پێش، چونكە ئێستا كاتی ئەوە هاتوە گۆڕانكاری تەواو بكەین بەتایبەت لە شێوازی وانەوتنەوە و پڕۆگرامەكان و توانای مامۆستایان، وتیشی بۆ هەر بابەتێك دەمانەوێ ئەزموونی نموونەی وڵاتێكی‌ سەركەوتوو بكەینە شارێی كاركردنمان.