زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى هاوكاری منداڵانی توشبووی شێرپه‌نجه‌ ده‌كات

  • ئاب 24, 2015
  • 382 Views
زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى هاوكاری منداڵانی توشبووی شێرپه‌نجه‌ ده‌كات

زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى به‌دروشمى (به‌ به‌خشینه‌كانتان هیوا بۆ ژیانمان ده‌گێڕنه‌وه‌) كه‌مپه‌ینێك بۆ كۆمه‌ككردنى منداڵانى تووشبوو به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ راده‌گه‌یه‌نێت.

به‌ئاماده‌بوونى پ.ی.د.ئالان فه‌ره‌یدون سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى و به‌ سه‌رپه‌رشتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانى سه‌ر به‌ زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى و به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ مناڵپارێزى كوردستان و به‌ به‌شدارى له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى رۆشنبیرى منداڵانی سلێمانى و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هونه‌رى شێوه‌كار و هۆبه‌ی بوكه‌ڵه‌و خانه‌ى سمۆره‌ و هونه‌رمه‌ند (ناشاد)ی شێوه‌كارو و هونه‌رمه‌ندی شانۆكار (بورهان قه‌ره‌داغی)، كاتژمێر 10ى سه‌رله‌به‌یانى رۆژى 18-8-2015 له‌بیناى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى پۆلیته‌كنیكی سلێمانى به‌ چه‌ند چالاكییه‌ك و به‌ دروشمى (به‌ به‌خشینه‌كانتان هیوا بۆ ژیانمان ده‌گێڕنه‌وه‌) كه‌مپه‌ینێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ى هاوكارى بۆ مناڵانى تووشبوو به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ راگه‌یه‌ندرا و بڕیاره‌ تا 1-10-2015 به‌رده‌وامبێت.

سه‌ره‌تا سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى وتارێكى پێشكه‌ش كرد و ئاماژه‌ى به‌ گرنگى و ئامانجى چالاكییه‌كان و كه‌مپه‌ینه‌كه‌ كرد و وتى: وه‌كو زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى به‌ ئه‌ركى خۆمانى ده‌زانین كه‌ هاوبه‌شییه‌كى كه‌میش بێت به‌شداربین له‌ ره‌واندنه‌وه‌ى خه‌مى منداڵانى تووشبوو به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ كه‌ نه‌وه‌ى ئاینده‌ى ئه‌م هه‌رێمه‌ن، ئومێده‌واریشین بارى ته‌ندروستیان جێگیربێت و جێ په‌نجه‌یان له‌ خزمه‌تكردنى كوردستانه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ماندا دیارى بكه‌ن و باشتر له‌ ئێمه‌ جومگه‌كانى ئه‌م وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ن، وتیشی: ئامانجى ئێمه‌ له‌م كه‌مپینه‌دا كۆكردنه‌وه‌ى زۆرترین پاره‌ نییه‌ به‌ڵكو ئامانجمان كۆكردنه‌وه‌ى زۆرترین تێگه‌یشتن و ئاگاداربوون و شاره‌زاییه‌ له‌سه‌ر ژیانى منداڵانى تووشبوو به‌ شێرپه‌نجه‌.

له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌یدا پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون وتى: زۆر سوپاسی سه‌رجه‌م ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و رێكخرا و لایه‌ن و هونه‌رمه‌ندانه‌ ده‌كه‌م كه‌ شانبه‌شانى ئێمه‌ و بگره‌ زیاتریش خه‌مخۆرانه‌ و دڵسۆزانه‌ پشتیوانى و هاوبه‌شییان كردووین.

دواتر هه‌ریه‌ك له‌ نوێنه‌رانى به‌شداربووى چالاكییه‌كه‌ وتاریان خوێنده‌وه‌ و خه‌مخۆرى و هاوكارییان بۆ كه‌مپه‌ینه‌كه‌ و منداڵانى تووشبووى شێرپه‌نجه‌ دووپاتكرده‌وه‌.

هه‌ر له‌ میانى كه‌مپه‌ینه‌كه‌ وتارێك ده‌رباره‌ى گرنگى خاوێن راگرتنى ژینگه‌ له‌لایه‌ن بورهان قه‌ره‌داغى لێپرسراوى هۆبه‌ى بوكه‌ڵه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى رۆشنبیرى مناڵانى سلێمانى پێشكه‌ش كرا كه‌ تێیدا بۆ پاراستنى ته‌ندروستیمان و رێگریكردن له‌ نه‌خۆشیه‌ كوشنده‌كان گرنگى خاوێن راگرتنى ژینگه‌ى خسته‌ڕوو، دواتر بوكه‌ڵه‌كانیش به‌ چه‌ند نمایشێك به‌ كه‌مپه‌ینه‌كه‌یان ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرد.

هه‌ر له‌ درێژه‌ى چالاكییه‌كه‌دا هونه‌رمه‌ند (ناشاد) چه‌ند تابلۆیه‌كى له‌كاتى چالاكییه‌كاندا نه‌خشاندو سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى پێشكه‌شی منداڵانى توشبووى شێرپه‌نجه‌ی كرد.

له‌به‌شێكى ترى چالاكییه‌كاندا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هونه‌رى شێوه‌كارى سلێمانى چه‌ندین وێنه‌یان له‌سه‌ر ده‌موچاوى منداڵان نه‌خشاند و له‌لایه‌ن خانه‌ى سمۆره‌شه‌وه‌ چه‌ندین گۆڤار و چیرۆك و نامیلكه‌ پێشكه‌ش به‌ منداڵان كرا.

شایه‌نى باسه‌ كه‌مپه‌ینی (به‌ به‌خشینه‌كانتان هیوا بۆ ژیانمان ده‌گێڕنه‌وه‌) تا رۆژى 1-10-2015 له‌سه‌رجه‌م كۆلیج و په‌یمانگاكانى سه‌ر به‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانى به‌رده‌وام ده‌بێت