رێكاره‌كانی تۆماركردن له‌ به‌رنامه‌ی Internship به‌ شێوازی ئه‌لیكترۆنی به‌ڕێوه‌چوو

  • نیسان 6, 2019
  • 531 Views
  رێكاره‌كانی تۆماركردن له‌ به‌رنامه‌ی Internship به‌ شێوازی ئه‌لیكترۆنی به‌ڕێوه‌چوو

به‌مه‌به‌ستی ئاسانكاریی و خێرا به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كان، نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ سه‌رپه‌رشتی به‌رنامه‌ی Internship- خوولی هاوینه‌ی خوێندكاران، ده‌كات. رێكاره‌كانی تۆماركردنی بۆ لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانی؛ وه‌ك: زانكۆ، خوێندكار، كۆمپانیاكان له‌ به‌رنامه‌ی Internship كرد به‌شێوازی ئه‌لیكترۆنی.

مامۆستا سامان ساڵح، راهێنه‌ری پێشكه‌وتوو له ‌ناوه‌ندی گه‌شه‌پێدان بۆكار-CDC ی زانكۆی پۆلیته‌كینیكی سلێمانی، كه‌ له‌ وۆركشۆپی تایبه‌ت به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی به‌رنامه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر له‌ 3/4/2019 به‌شداربوو، له‌مباره‌یه‌وه‌؛ رایگه‌یاند:” له‌ماوه‌ی ساڵانی 2014- 2018 به‌رنامه‌ی Internship كه‌ له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كاره‌كانی تۆماركردن و هه‌ڵسه‌نگاندن وراپۆرت و سیڤی و پێداویستی به‌رنامه‌كه‌، به‌شێوه‌ی كاغه‌ز رێكده‌خران، به‌ڵام بۆ ساڵی 2019، سه‌رجه‌م كاره‌كان ده‌كرێت به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی.

مامۆستا سامان ساڵح، وتیشی:”هه‌ر ناوه‌ندێكی گه‌شه‌پێدان بۆ كار- واته؛ ‌ CDCله‌سه‌ر پێگه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ناوی  http://krginternships.gov.krd هه‌ژماری تایبه‌ت به‌خۆی ده‌بێت و خوێندكاران ده‌توانن له‌ ڕێگه‌ی پێگه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كه‌ بچنه‌ ناو به‌رنامه‌كه‌ و خۆیان تۆماربكه‌ن و سیڤی پڕبكه‌نه‌وه‌ و سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌رفه‌ت-یان شوێنی راهێنان Vacancy یانه‌ی، كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه‌ بۆ Internship خراونه‌ته‌ڕوو ببینێت و دوای پڕكردنه‌وه‌ی سیڤی كه‌ له‌لایه‌ن CDC په‌سه‌ند ده‌كرێت، ده‌توانێت ئاڕاسته‌ی كۆمپانیای بكات.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا سه‌رجه‌م ئه‌و كارانه‌ی كه‌ له‌ پێشوودا به‌ كاغه‌ز ده‌كران له‌ ئێستا به‌ك ئه‌لیكترۆنی ده‌كرێت و كۆمپانیاكانیش خۆیان له‌وسیسته‌مه‌ به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی تۆمارده‌كه‌ن.

به‌رنامه‌ی Internship  بریتییه‌ له‌ خوولی راهێنانی خوێندكاران، كه‌ له‌ماوه‌ی ساڵی خوێندنی زانكۆدا له‌ قۆناغی سێیه‌م و له‌ په‌یمانگه‌ بۆ قۆناغ‌ی دووه‌م،‌ وه‌ك به‌شێك له‌ جێبه‌جێكردنی  كرداریی وانه‌ تیۆرییه‌كان له‌ كه‌رتی تایبه‌ت بۆ ماوه‌ی 100 سه‌عات جێبه‌جێی ده‌كات و له‌ كۆتایدا بڕوانامه‌ی له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، پێ ده‌سپێردرێت.