له‌ ڕۆژی جیهانی ته‌ندروستیدا چالاكییه‌ك به‌ڕێوه‌چوو

  • نیسان 7, 2019
  • 134 Views
له‌ ڕۆژی جیهانی ته‌ندروستیدا چالاكییه‌ك به‌ڕێوه‌چوو

به‌مه‌به‌ستی هۆشیاركردنه‌وه‌و ڕێنمایی كردنی هاونیشتمانیان ، له‌ ڕۆژی جیهانی ته‌ندروستیدا چالاكییه‌كی هاوبه‌شی خۆبه‌خشی به‌ڕێوه‌چوو.

ئه‌مڕۆ 7 ی نیسانی 2019 به‌سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و به‌هه‌ماهه‌نگی تیمی Fao سه‌ندیكای كارمه‌ندانی ته‌ندروستی سلێمانی له‌ بازاڕی ماجدی مۆڵ له‌شاری سلێمانی ، له‌ ڕۆژی جیهانی ته‌ندروستیدا ڤیستیڤاڵێكیان ڕێكخست كه‌خۆی له‌ ئه‌نجامدانی چه‌ندین پشكنین ده‌بینییه‌وه‌.

له‌ چالاكییه‌كاندا ژماره‌یه‌ك له‌خوێندكارانی كۆلێجی ته‌نكنیكی ته‌ندروستی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌شداربوون.

پشكنینه‌كان بریتیبوون له‌ پشكنینی ( خۆێن ، شه‌كره‌، فشاری خوێن، ددان، فریاگوزاری سه‌ره‌تایی، هۆشیاری ته‌ندروستی ، كێش و باڵا، به‌نج ) .

هاوڵاتیان به‌گرنگییه‌وه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌یان نرخاند و به‌ كارێكی زۆرباشیان وه‌صفكرد كه‌ جاربه‌جار تیمه‌ پزیشكییه‌ كان له‌ناو بازاڕو خه‌ڵكدا پشكنین ئه‌نجام بده‌ن.

م.كرمانج احمد به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی زانكۆ ووتی : ساڵانه‌ ئه‌م جۆره‌ له‌ ڤیستیڤاڵ و كاروچالاكییانه‌ ده‌هێنینه‌ نێو بازاڕو شوێنه‌ گشتییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكانێك به‌هه‌ر هۆكارێك بێت ناتوانێت پشكنینه‌كان بۆ خۆی بكات ئێمه‌ لێره‌ پشكنینی بۆ ئه‌نجام ده‌ده‌ین به‌بێ به‌رامبه‌ر، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی دا به‌و پشكنینانه‌ی كه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن بۆ ته‌ندروستی هاوڵاتیان.له‌كۆتاییدا داوای كرد كه‌ به‌ر له‌ چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی پێویسته‌ هاوڵاتیان خۆیان ئاگایان له‌ باری ته‌ندروستی خۆیان بێت و سیسمی خۆراكیان ڕێك بخه‌ن.