زانكۆكانى پۆلیته‌كنیكى “سلێمانى ‌و هه‌ولێر ‌و دهۆك” رێككه‌وتننامه‌ى لێكتێگه‌یشتنیان واژۆ كرد

  • ئاب 24, 2015
  • 365 Views
زانكۆكانى پۆلیته‌كنیكى “سلێمانى ‌و هه‌ولێر ‌و دهۆك” رێككه‌وتننامه‌ى لێكتێگه‌یشتنیان واژۆ كرد

له‌سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى، دواى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى زانستى له‌نێوانیان، هه‌رسێ زانكۆى (پۆلیته‌كنیكى سلێمانى، پۆلیته‌كنیكى هه‌ولێر، پۆلیته‌كنیكى دهۆك) رێككه‌وتننامه‌یه‌كى لێكتێگه‌یشتنیان واژۆ كرد.

له‌دواى واژۆكردنى رێككه‌وتننامه‌كه‌ش، له‌كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا، د.ئالان فه‌ره‌یدون سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى، رایگه‌یاند: “ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌مان له‌پێناو كارى ئه‌كادیمى‌و زانستى هاوبه‌ش واژۆ كرد.

وتیشى: “دیاره‌ زانكۆ ئه‌و رۆڵه‌ ئه‌بینێت، كه‌ كه‌سانى جیاواز‌و ئه‌كادیمى‌و تێكه‌ڵبوو به‌كۆمه‌ڵگه‌ له‌یه‌كتر نزیك ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و كارانه‌ى كه‌ ده‌بێت زانكۆ رۆڵى تێدا ببینێت له‌ناوچه‌ جیاوازه‌كانى كوردستان”.

سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: “بوارى ته‌كنیكى یه‌كێكه‌ له‌و بواره‌ گرنگانه‌ى كه‌ پێویسته‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان گرنگى پێبدرێت، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌و په‌یامه‌ بگه‌ینین كه‌ خوێندنى ته‌كنیكى ‌و زانكۆ ته‌كنیكییه‌كانى كوردستان پێگه‌ى خۆیان ده‌بێت ‌و به‌ هاوكارى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا ‌و توێژینه‌وه‌ى زانستى كارده‌كه‌ن، بۆ پێگه‌یاندنى كادرى ناوه‌ندیى ‌و پێدانى بڕوانامه‌ى خوێندنى باڵا له‌ماسته‌ر‌و دكتۆرا”.

د. ئالان فه‌ره‌یدون له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، باسى له‌وه‌شكرد: “واژۆكردنى ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ په‌یامێكه‌ له‌شارى سلێمانییه‌وه‌ له‌پۆلیته‌كنیكى هه‌رسێ زانكۆكه‌وه‌، كه‌ ده‌بێت ئێمه‌ رۆڵى زیاتر ببینین بۆ نزیكبوونه‌وه‌ى زیاترى زانكۆكان له‌یه‌كتر بۆ كارى هاوبه‌شى ئه‌كادیمى، به‌تایبه‌تى له‌م شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌ى داعش كه‌ تێیدا گرنگى زانكۆكان ده‌رده‌كه‌وێت”.

د.كاوه‌ عه‌بدولكه‌ریم سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى هه‌ولێر، وێڕاى سوپاسكردنى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى بۆ میوانداریكردنیان‌و واژۆكردنى ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌، وتى: “ئێمه‌ له‌ زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان زیاتر هه‌ڵپه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ له‌گه‌ل زانكۆكانى ده‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت ‌و رێككه‌وتننامه‌ واژۆ بكه‌ین، به‌ڵام ناوخۆمان له‌بیر كردووه‌، زۆرینه‌ى زانكۆكانى ناو هه‌رێمى كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كى پته‌وییان نیه‌”.

وتیشى: “ئێمه‌ ده‌ستخۆشى له‌ سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى سلێمانى ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌، هیوادارین به‌هۆى ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌وه‌ كارى هاوبه‌شى زیاتر بكه‌ین”.

دواتر د. عه‌دنان موحسین، سه‌رۆكى زانكۆى پۆلیته‌كنیكى دهۆك ته‌ئكیدى له‌وه‌كرده‌وه‌، كه‌ “واژۆكردنى ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ ده‌بێته‌ هانده‌رێكى گه‌وره‌ بۆ به‌رزڕاگرتنى ئاستى زانستى هه‌رسێ زانكۆكه‌مان، بۆ ئه‌نجامدانى كارى هاوبه‌شى زاسنتى ‌و ئه‌كادیمى”.

له‌وه‌ڵامى په‌یامنێرانیشدا د. ئالان فه‌ره‌یدون، وتى: “ئێمه‌ بڕوامان به‌وه‌هه‌یه‌ كه‌ زانكۆ ئه‌و رۆڵه‌ گرنگه‌ ده‌بینێت له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا، بۆ نزیكبوونه‌وه‌ى را جیاوازه‌كان، زانكۆ ده‌رگایه‌كى ئه‌كادیمى‌و زانستییه‌ جێگاى گفتوگۆ‌و گۆڕینه‌وه‌ى را جیاوازه‌كانه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌كو زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان ده‌توانین ئه‌و رۆڵه‌ ببینین بۆ نزیكبوونه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و رایانه‌ى هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌كاتى ئه‌م قه‌یرانه‌ دارایى‌و بارودۆخه‌ سیاسییه‌ى تێیداین”.

وتیشى: “زانكۆ هه‌موو كاتێك ئاماده‌یه‌ ئه‌و نزیكایه‌تى ‌و په‌یوه‌ندییه‌ دروست بكات له‌نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كان‌و كۆمه‌ڵگه‌ش به‌گشتى، واژۆكردنى ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ش په‌یامێكه‌ له‌شارى سلێمانییه‌وه‌ كه‌ ده‌توانین ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دروست بكه‌ین، قه‌یرانى دارایش رێگر نابێت له‌و كاره‌ زانستیانه‌ى ده‌مانه‌وێت بیكه‌ین، دڵنیاشین ده‌توانین چالاكى زۆر گه‌وره‌ ئه‌نجام بده‌ین