وۆركشۆپی پێداچوونەوە بە رێنمایی بەرزكردنەوەی پلەی زانستی بەڕێوەچوو

  • نیسان 8, 2019
  • 179 Views
وۆركشۆپی پێداچوونەوە بە رێنمایی بەرزكردنەوەی پلەی زانستی بەڕێوەچوو

بەئامادەبوونی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پ.ی.د.ئالان فەریدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و پ.د.سۆران ئەبوبەكر یاریدەدەر سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان و هەروەها سەرۆكی زانكۆ حكومی و تایبەتیەكان، وۆركشۆپی پێداچوونەوە بەڕێنمایی بەرزكردنەوەی پلەی زانستی لە زانكۆكانی كوردستان بەڕێوەچوو.

لەو وۆركشۆپەدا، كە ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێكەوتی 2019/4/8 لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی هۆتێل شیراتۆن لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو،لەسەرەتادا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوای بەخێرهێنانی میوانەكان، خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی كە هەمووان پێكەوە كۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێداچوونەوە بە ڕێنماییەكانی بەرزكردنەوەی پلەی زانستی مامۆستایانی زانكۆكان، د.یوسف گۆران ڕونیشیكردەوە ماوەیەكی زۆرە بە هەماهەنگی نێوان وەزارەت و زانكۆكانی كوردستان كار لەسەر ئەم بابەتە دەكەین، بۆ ئەوەش لە هەنگاوی یەكەمدا داوامان لە هەموو زانكۆكان كرد سەرنج و تێبینی و پیشنیازەكانی خۆیان دەربارەی “ڕێنماییە كارپێكراوەكانی بەرزكردنەوەی پلەی زانستی” پێشكەش بە وەزارەت بكەن، دواتر لێژنەیەكی وەزاری هەموو تێبینیەكانی یەك خست و ئەمڕۆش پێكەوە گفتوگۆی وردیان لەسەر دەكەین، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، ڕوو لە ئامادەبوانی وۆركشۆپەكە ڕایگەیاند: هەموو بڕگەیەكی ئەو ڕێنماییانەی ئێوە ئەمڕۆ كاری لەسەر دەكەن پێویستە ڕەنگدانەوەی ئەو كۆنسێپتە بێت كە بەرزكردنەوەی پلەی زانستی مانای چالاكی بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی زانستی و بەشداریكردنی ڕەسەن و ڕاستەقینە لە بەرهەمهێنانی زانست و مەعریفە بێ.

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، د.یوسف گۆران باسی لە گرنگی پڕۆسەی بەرزكردنەوەی پلەی زانستی كرد و ڕایگەیاند: پرۆسەی بڕیاردان لەسەر بەرزكردنەوەی پلەی زانستی بریتییە لە هەڵسەنگاندنی ئاست و كواڵیتی توێژینەوە زانستییەكان و، بەشداری ڕاستەقینەی ئەو توێژەرانەی داوای بەرزكردنەوەی پلەی زانستی دەكەن، هەر بۆیە لایەنی هەڵسەنگاندنی كواڵیتی و ئیتیكی كاری توێژینەوە و ئەمانەتی زانستی ڕۆڵی گەورە لەم پرۆسەیە دەگێڕن.

وۆركشۆپەكە بەخستنەڕووی چەند بابەتێك و گەڵاڵەكردنیی كۆمەڵێك پێشنیاز درێژەی بەكارەكانیدا و بەچەند پانێڵێك تاوتوێی لایەنەكانی بەرزكردنەوەی پلەی زانستی كرا و بە گەڵاڵەكردن كۆمەڵێك پێشنیازی گرنگ كۆتایی پێهات.