مامۆستایەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و هاوبەشەكانی فەندێكی دەزگایەكی بەناوبانگی بەریتانی بەدەستدەهێنن

  • نیسان 13, 2019
  • 186 Views
مامۆستایەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و هاوبەشەكانی فەندێكی دەزگایەكی بەناوبانگی بەریتانی بەدەستدەهێنن

د.ڕۆژین كەمال محەمەد ئەمین سەرۆكی گرووپی توێژینەوەی كەلەپووری كولتووریی دیجیتاڵی و مامۆستا لە بەشی پلانسازی شار لە كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاریی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، لەگەڵ دوو ئەكادیمی لە زانكۆی بەناوبانگی UCLی بەریتانی و زانكۆی قادسیە و كوفەوە توانیان فەندێكی دەزگای بەناوبانگی ” ئەكادیمیایی بەریتانی ” بۆ پڕۆپۆزەڵی پڕۆژەیەكی ئەكادیمیان بەدەستبهێنن.

پڕۆژەكە خۆی لە ئەنجامدانی دوو وۆركشۆپی راهێنان بۆ نووسینی ئەكادیمی و چۆنیەتی ئەنجامدانی توێژینەوەی نێوپسپۆڕی و بڵاوكردنەوە لە گۆڤارە ئاست بەرزە نێودەوڵەتییەكانی زانستە كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەكان دەبینێتەوە.

ئامانجی پڕۆژەكە بەرزكردنەوەی توانای بڵاوكردنەوەی توێژەران و ئەكادیمیانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری عێراقە لە گۆڤارە ئاست بەرزە نێودەوڵەتییەكان و ئاشناكردنیانە بە میتۆدەكانی توێژینەوەی نێوپسپۆڕی.

وۆركشۆپەكان لەلایەن راهێنەر و سەرنووسەری دەزگای ئەكادیمی باڵای بەریتانیەوە پێشكەش دەكرێت و لەهەر وۆركشۆپێكدا ۲٥-۳۰ توێژەر راهێنانیان پێدەكرێت.

لەبەر سنووردارێتی ژمارەی بەشداربوون و بەمەبەستی پێدانی فرسەتی یەكسان، هەڵبژاردنی بەشداربووان لەسەر بنەمای كێبڕكێ و هەڵسەنگاندن دەبێت بەپێی پێوەرە دیاریكراوەكان و ئامانجی پڕۆژەكە.

مەرجەكان، پێشكەش كار دەبێت:
١- هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا بێت
۲- ئارەزوو مەندبێت لە بڵاوكردنەوەی توێژینەوە و پەیپەرەكانی لە گۆڤارە زانستە كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتیەكاندا.
٣-توانستی زمانی ئینگلیزی لە ئاستی باشدا بێت.
٤-فۆڕمی دیاریكراو لەم لینكەدا پڕبكاتەوە بە هەموو داواكارییەكانیەوە.

دوا بەروار بۆ پێشكەشكردن 2019/5/1یە بۆ زانیاری زیاتر و پێشكەشكردن، تكایە سەردانی ئەم لینكە بكەن.

یەكەم وۆركشۆپ لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە كۆتایی مانگی ئایار بەڕێوەدەچێت بۆ توێژەران لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری عێراقەوە.

شایەنی باسە چالاكیی و دەستكەوتە ئەكادیمییە نێودەوڵەتییە بەردەوام و ئاست بەرزەكانی مامۆستاكەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بوونەتە هۆی بەدەستهێنانی متمانەی ژمارەیەكی بەرچاو لە دەزگا و زانكۆ و پرۆفیسۆر و ئەكادیمیە بەڕیتانیی و ئەوروپیی و ئەمریكییەكان.