پەیامی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەیادی تاوانی ئەنفالدا

  • 2019-04-14
  • 563 Views
پەیامی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەیادی تاوانی ئەنفالدا

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە ساڵیادی كارەساتی ئەنفالدا پەیامێكی بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان‌و ئەنفالكراوان و تاقانەكان
مامۆستایان
خوێندكاران
فەرمانبەران

ئاشكرایە ١٤/٤ ی هەموو ساڵێك، یادی مەرگەساتێك و زامێكی بەسۆو سارێژنەبووی نەتەوەكەمان دەكەینەوە، سی و یەك ساڵ لەمەوبەر، گەل و خاكی كوردستان لەلایەن ڕژێمی دیكتاتۆری ئەودەمەی عێراقەوە، ڕووبەڕووی دڕندەترین شاڵاوی پاكتاوی نەژادی و كاولكاری بوونەوە و لە ئاكامدا زیاتر لە ١٨٢ هەزار هاونیشتمانیی بێتاوانی كوردستان بوونە قوربانی و بە هەزاران گوندیش وێرانكران.
ئاشكرایە ئەنفال یەكێكە لەو تاوانانەی بە درێژایی مێژوو رژێمە سەركوتكار و داگیركەرەكان بەرامبەر گەلەكەمان ئەنجامیان داوەو هەوڵی لەناوبردن و نەهێشتنی ناسنامەی نەتەوەییان داو حكومەتی ئەوسای عێراق بەپێی پیلانێكی تۆكمە قۆناغەكانی ئەنفالی لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان جێبەجێ كرد بەبێ گوێدانە هیچ بەهایەكی مرۆیی و ئایینی و ئەخلاقی و بە هەزاران گەنج و پیر و ژن و مناڵی ئەنفال و زیندەبەچاڵ كرد.
یادكردنەوەی ئەم مەرگەساتە ئەگەرچی زامێكی قوڵ و ئازاربەخشە، بەڵام یادێكیشە بۆ وەبیرهێنانەوەی قوربانیدان و خۆڕاگریی گەلەكەمان لەپێناو هێنانەدی مافەكانیدا و تائێستا لە سایەی خەباتی بەردەوام و ئەو قوربانیدانەدا توانیومانە چەندین ئاوات و ئامانجی تێدا بێنینە دی كە مایەی شانازی و سەروەرین .
پرۆسەی جینۆسایدی گەلەكەمان لە ئەنفال و كیمیاباران كۆتاییان هات و ئەنجامدەرانی بەسزای گەل گەیشتن بەڵام ئەوەی ماوەتەوە مامەڵەكردنە لەگەڵ پاشماوەكانی ئەو مەرگەسات وتاوانەدا و پێویستە ژیرانە كاریان لەسەر بكرێت، ئێمە لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وەك دیارییەكی بچوك و دەربڕینی وەفامان بەگرنگمان زانی كە دوو ناوەندی زانستی و مەعریفی لەهەردوو سنووری‌ چەمچەماڵ و كەلار بكەینەوە ئەوانیش پەیمانگای تەكنیكی چەمچەماڵ و پەیمانگای تەكنیكی كەلار-ن ، بەهەموو توانامان پشتیوانی لە بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی خوێندكاران و مامۆستایان لەو دەڤەرانە دەكەینەوە و بەباشبوونی دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستانیش هەنگاوەكانمان بەئاڕاستەی فراوانتركردنی كاروچالاكییەكانمان دەنێین و كاری جددی لەسەر ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی دەكەین بۆ چارەسەری گشت ئەو گرفتە جیاوازانەی كە لەپاش ئەنفال هاتۆتە كایەوە.
ئەنفال پێماندەڵێت پێویستە هەمووان پێكەوە كاربكەین و بەردەوام بین لەبەرەوپێشبردنی رەوتی زانست و فێركردن لە كوردستان.
لەكۆتاییدا پاراستنی‌ ئەو دەستكەوتانەی‌ گەلەكەمان كە لە سایەی‌ خەبات و خوێنی‌ شەهیدان بەدیهاتوون بە پێویست دەزانین لەپێناو پتەوكردنی‌ تەبایی‌ و یەكڕیزی‌ نێوان گشت لایەن و هێزەكانی‌ گەلەكەمان و خەباتكردن بۆ بەدیهێنانی‌ ئامانجەكانی‌ تری‌ گەلەكەمان كە هەمان ئامانجی‌ شەهیدانیشمان بوون

سڵاو بۆ گیانی پاكی ١٨٢٠٠٠ ئەنفالكراوانی سڤیلی كوردستان .
سڵاو لە گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی كوردستان.
سڵاو لە تاقانەكانی ئەنفال و جینۆساید رزگاربووانی ئەنفالەكان.

سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی
2019/4/14