وۆركشۆپێك لەسەر كتێبخانەی دیجیتاڵی بەڕێوەچوو

  • نیسان 16, 2019
  • 146 Views
وۆركشۆپێك لەسەر كتێبخانەی دیجیتاڵی بەڕێوەچوو

لە بەردەوامی زنجیرە چالاكییەكانی پڕۆژەی تۆڕی كەلەپووری كولتووری هاوبەش لە نێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و دوو زانكۆی بەڕیتانی بە فەندی تۆڕی نەهرەینی زانكۆیUCL ی بەڕیتانی، وۆركشۆپێك بۆ دوو نوێنەری كتێبخانەی مەزارگەی عەباسی بەڕێوەچوو.

وۆركشۆپەكە دەربارەی سێ پڕۆژەی گرنگ و تازەگەربوون لە بواری بە دیجیتاڵكردن لە كتێبخانەی مەزارگەی عەباسی، وۆركشۆپەكە لەلایەن حەسنەین ئەلموسەویی (بەڕێوەبەری سەنتەری پێڕستكاریی و سیستمی زانیارییەكان و نوێنەری هەردوو یەكێتی وڵاتانی عەرەبی بۆ كتێبخانەكان و زانیارییەكان، یەكێتی نێودەوڵەتی بۆ كتێبخانەكان و زانیارییەكان لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی گەشەپێدانی ئامانجە بەردەوامەكان بۆ ساڵی ٢٠٣٠) و بەڕێز عەمار حسێن ئەلجەواد بەڕێوەبەری پشتگیری تەكنیكی لە كتێبخانەی ئەلیكترۆنی مەزارگەی عەباسییەوە پێشكەشكرا.

پڕۆژەی یەكەم لەلایەن حەسەنەین ئەلموسەوییەوە پێشكەشكرا بەناونیشانی “پڕۆژەی سەكۆیەكی متمانەپێكراو بۆ دانەرانی عێراقی”، دوو پڕۆژەكەی تریش لە لایەن عەمار حوسێن جەوادەوە پێشكەشكرا كە بریتیبوون لە “پڕۆژەی كۆگایەكی دیجیتاڵی بۆ لەخۆگرتنی تێزە زانستییەكانی زانكۆكانی عێراق” و “پڕۆژەی پاراستنی بەرهەمە زانستییەكانی عێراق”.

لە وۆركشۆپەكەدا، پێشكەشكاران بە وردیی باسیان لە هەنگاو و ڕێكارەكانی چۆنێتی كاركردنی پڕۆژەكان كرد و ئاماژەیان كرد بە گرنگی و جێبایەخی پڕۆژەكان بۆ ئێستا و ئایندەی كتێبخانەكان لە لایەك، زانست و ڕۆشنبیری لە لایەكی ترەوە.

سەرباری گۆڕینەوەی زانیاری و هەبوونی پرسیار و وەڵامی چالاكانە لەكاتی وۆركشۆپەكەدا، بۆنەكە بوویە هۆی دروستكردنی هەلێكی زۆر باشیش لە نێوان بەشداربوواندا لە دروستكردنی پەیوەندی و بیروڕا گۆڕینەوە تاكو لەو رێگەیەوە پڕۆژەی پێكەوەیی و راهێنان ئەنجام بدەن لە بواری كتێبخانەی دیجیتاڵی و ئەرشیفكردندا.

پێشكەشكارانی وۆركشۆپەكە جگە لە گێڕانەوە و بەشكردنی ئەزموونی خۆیان لەم پڕۆژانەدا، هاوكات دەستپێشخەریی خۆشیان پیشاندا بۆ یارمەتیدانی خۆبەخشانەی كتێبخانە خۆجێیەكان لە رێگەی راهێنانكردنەوە لە بواری پسپۆڕییاندا.

جێی ئاماژە بۆكردنە كە وۆركشۆپەكە لە هۆڵی پیرەمێردی بنكەی ژین بەڕێوەچوو كە تێیدا 46 پسپۆڕ و ئەكادیمی بەشدارییان تێیداكرد كە لە 9 كتێبخانە و زانكۆی شاری سلێمانییەوە هاتبوون و ماوەی وۆركشۆپەكەش لە نێوان كاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆ بۆ 5ی ئێوارەی خایاند.