كۆنفراسی ” میدیا و پرسی نەتەوەیی ” بەڕێوەدەچێت

  • 2019-04-21
  • 543 Views
 كۆنفراسی ” میدیا و پرسی نەتەوەیی ” بەڕێوەدەچێت

بەبۆنەی ساڵیادی رۆژنامەگەری كوردی، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەئامانجى خستنەڕووى پێگەى میدیاى كوردى و پرسی نەتەوەیی و روماڵى میدیاى كوردى لە دروستكردنى رایگشتى و پەیوەندی نێوان كورد و میدیاى نیشتمانى، كۆنفرانسێكی زاستی رێكخست.

ئەمڕۆ یەكشەممە 2019/4/21 بەچاودێری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د.یوسف گۆران و بەسەرپەرشتی سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین و به ئامادەبوونى پ.د.سۆران ئەبوبەكر یاریدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و پ.ی.د.دانا ئەحمەد یاریدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و خوێندكاران و راگرانى كۆلێج و پەیمانگاكانى سەر بە زانكۆ و ژمارەیەك لە مامۆستایان و توێژەران، یەكەمین كۆنفرانسی زانستی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی _كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی _ بەشی تەكنیكى میدیا، بەناونیشانی ” میدیا و پرسی نەتەوەیی ” لە هۆتێل تایتانیك-ی شاری سلێمانی دەستیپێكرد كە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا ۱٤ توێژینەوەی زاستی كە لەلایەن ۲۱ توێژەرەوە ئامادەكراوە پێشكەش دەكرێت.

سەرەتاى كۆنفرانسەكە بە وەستانی ساتێك بۆ گیانى پاكى شەهیدانى رێگاى رۆژنامەوانى كوردى و سەرجەم شەهیدانى نەتەوەكەمان دەستیپێكرد و وتەى بەخێرهاتن بەشێكەش كرا.

پاشان لەلایەن پ.ی.د.حەكیم عوسمان راگرى كۆلێجى تەكنیكى كارگێڕى وتەیەك پێشكەشكرا، وێڕاى ئاڕاستەكردنى پیرۆزبایی ساڵیادى رۆژنامەگەرى بۆ ئامادەبوون، راگرى كۆلێجى تەكنیكى كارگێڕى دەستخۆشى و سوپاسی ئاراستەى سەرۆكى زانكۆى پۆلیتەكنیكى سلێمانى كرد كە وەك هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانیان بووە بۆ ئەنجامدانى كۆنفرانس و سیمپۆزیۆم و دیدارى زانستى، هەروەها پ.ی.د.حەكیم عوسمان رایگەیاند: زۆر خۆشحاڵین ئەمڕۆ لەم یادە شكۆدارەدا ئەم كۆنفرانسە زانستییە ئەنجام دەدەین، هیوادارم بە هەموومان هەوڵ بدەین لە رێگەى توێژینەوە و میتۆدى نوێوە چارەسەر بۆ سەرجەم كێشەكانى میدیاى كوردى بدۆزینەوە.

دواتر پ.ی.د.ئالان فەریدون عەلى ئەمین سەرۆكى زانكۆى پۆلیتەكنیكى سلێمانى وتەیەكى پێشكەش كرد و ئاماژەی بۆ گرنگى ئەنجامدانى ئەم جۆرە كۆنفرانسانە كرد و وتى: بەپێویستى دەزانم لەم بۆنە پیرۆزەدا گوڵێكى بۆنخۆش و هەستێكى ناسك و پەیڤێكى بە ئەمەكانە بنێرم بۆ دامەزرێنەرى یەكەم رۆژنامەى كوردى (كوردستان) كە مقداد مدحت بەدرخانە.
سەرۆكى زانكۆى پۆلیتەكنیكى سلێمانى وتیشى: نابێت رۆڵى جەنابی مام جەلال-یش نادیدە بگرین كە جارێكى تر ئەو مێژووەى زیندوكردەوە و جارێكى تر ناوى رۆژنامەى كوردستانى بە ( كوردستانى نوێ) ژیانەوە، درود بۆ خەمخۆرى نیشتمان و ئەدەب و رژنامە و سیاسەت و ئایدۆلۆژیا و هزرى مرۆڤ دۆستانە.

لە بەشێكى وتەكەیەكدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەى رێكخەرانى كۆنفرانسەكە و توێژەران و بەڕێوەبەرانى پانێلەكانى كۆنفرانسەكە كرد و رۆڵى مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانى زانكۆى پۆلیتەكینكى سلێمانى بەرزنرخاند.

پاشان پانێلەكانى رۆژى یەكەمى كۆنفرانسەكە دەستیپێكرد كە لەلایەن چەند توێژەرێكەوە دەربارەى پرسی میدیا و نەتەوەیی و رۆڵى كەناڵە كوردییەكان لە رەنگدانەوەى هەستى نەتەوایەتى و نیشتمانیدا خرانەڕوو.