د. یوسف گۆران ساڵیادی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان پیرۆز دەکات

  • نیسان 26, 2019
  • 107 Views
د. یوسف گۆران ساڵیادی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان پیرۆز دەکات

دەقی پەیامی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی:

بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەتی کۆمەڵەی خوێندكاران …

‏‎پاش ڕێز و سڵاوی خەباتی مەدەنیانە، بە بۆنەی چل و سێ ساڵەی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان، پیرۆزبایی خۆم بەم بۆنەیەوە بە ھەڤاڵانی کۆمەڵەکەتان ڕادەگەیەنین، ھاوکات پێزانینی خۆمانتان پێدەگەیەنین کە ئێوەی بواری کاری ڕێکخراوەیی پیشەیی ھەموو کات و ساتێک لە خزمەتکردن و پشتیوانی خوێندکاران بوون، لە بە دیھێنانی خەونە گەورەکان، ئامانجە ڕۆشنەکان، ھەموومان شایەتی ھەوڵ و ماندوو بوونەکانتانین لە جێبەجێکردنی ئەرکە سەردەمیەکان، یەکە بە یەکەتان ڕۆشنگەرانە و داھێنەرانە و لێبڕاوانە کاری پێکەوەیی و ڕێکخراوەیتان بەجێگەیاندووە، دەخوازین بەم ڕێچکەیەتان پایە بەرزەکانی بونیاتنانی کادیری پیشەیی و ڕێکخراوەیی بۆ کوردستانەکەمان دروست بکەن، وەک ڕوونە ھەموو ئەوانەی کە سێکتەرەکانی حکومڕانی بەڕێوە دەبەن بە قۆناغەکانی خوێندکاری تێپەڕیوون، ئەگەر ھاتوو لە قۆناغی خوێندکاریانەوە لەسەر بنەمایە دروستەکان پێگەیاندران دوا ڕۆژی نیشتیمانەکەمان گەش دەبێت، بۆیەش چاوگی کارەکانتان ھاوکێشەی ژیانی داھاتووی وڵاتەکەمان پەیوەستە بە کارە باشەکانی ئێوەوە.

لێرەوە جێگەی خۆیەتی بڵێم سوپاستان دەکەین کە لە کارەکانی وەزارەتەکەمان ھاوکارمان بوون و کار ئاسانیتان بۆمان کردووە و پاڵپشتی ئەو ڕیفۆڕمە بنەڕەتیانەتان کردووین کە لە سێکتەری خوێندنی باڵا لەم کابینەیە کردوومانن، لە داھاتووشدا ئەرک و خەونی گەورەتر سەرپێ دەخەین و جێبەجێی دەکەین، بۆیە ئەرکتان قوڕسە بەڵام پیرۆزە، ماندوو ئەبن بەڵام بە دەستکەوتەکان تاجی سەربەرزیتان دەخەرێتە سەر، شەونخونیتان گوڵی دەستخۆشی ھەموومانتان بۆ دەستبەر دەکات.

ئەوەی دڵخۆشی كردم لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆمەڵەکەتان، ئەم ساڵ، شا ڕێگەی کارتان بەم ڕستەیە داڕشتووە «باشتر کردنی جۆرایەتی خوێندن دەستەبەری ئایندەیە»، وەک لای ھەموو لایەک ڕوونە کە ئێمە لە ماوەی چوار ساڵی کارکردنمان لە وەزارەتەکەمان، بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت و ھەڤاڵانم لە ئەنجومەنی وەزیران و ھاوکارانم لە ئەنجومەنی وەزارەت و ستافی وەزارەت و زانکۆکانمان بە وردی کارمان بۆ باشتر کردن و دەستەبەری کواڵیتی خوێندن لە زانکۆکانمان کردووە، زانکۆکانمان بردە سەر نەخشەی جیھانی خوێندنی باڵا، بۆڵۆنیا پڕۆسێسمان لە ھەندێک زانکۆ جێبەجێکرد، ڕیزبەندی زانکۆکانمان کردە نەریت،  كۆرسه‌كانی پێداگۆجی (ڕێگەکانی وانەوتنەوە) مان به‌سه‌رپه‌رشتی فنلاند ده‌ست پێكرد،  هەنگاومان بەرەوە پێکەوە ژیان و نەهێشتنی توندوتیژی دەستپێکردو بۆ کۆمەڵگەیەکی ھاوسەنگیش سەنتەرەکانی جێندەرناسیمان لە زانکۆکان کردووە. بۆ بە نێو دەوڵەتکردنی سێکتەری خوێندنی باڵا كاری دیارمان کردووە، دەستبەژێرەکانی بواری ئەکادیمیمان زیاتر ھاندا زمانە زیندووەکانی دونیا فێربن و پەرەی پێبدەن، لە بواری توێژینەوەی زانستی بە دامەزراندنی ئەنحومەنی توێژینەوەی زانستی ئامانجی گەورەمان بە دەستھێناوە، سیستمی وەرگرتنمان گۆڕی، زۆرێک لە پڕۆگرامەکانی خوێندنمان بەرەو پێشەوە بردو گونجانمان لەگەڵ بازاڕای کاری کوردستان، دامو دەزگانمان بە ئەلیکتڕۆنیکرد، پەیوەندی زانستی و کەلتووریمان لەگەڵ چەندین وڵاتی دونیا فراونتر کرد، لەگەڵ چەندان ڕیفۆرمیتر.

دیسانەوە بەرز و پیرۆز بێت یادی دامەزراندنتان و ھەر شاد و سەرفراز بن.

 

د. یوسف گۆران

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان