سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی قه‌زای دوكانی به‌سه‌ركرده‌وه‌

  • ئایار 2, 2019
  • 287 Views
سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی قه‌زای دوكانی به‌سه‌ركرده‌وه‌

به‌ئامانجی پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی قائیمقامی نوێ ی قه‌زای دوكان و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان ، پ.ی.د.ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی سه‌ردانی سیروان سرحد قائیمقامی نوێ ی قه‌زای دوكانی كرد.

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجه‌شه‌ممه‌ 2 ی ئایاری 2019 پ.ی.د.ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ هاوڕێیه‌تی یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆ و به‌ڕیوه‌به‌رانی په‌یوه‌ندییه‌كان و یاساو ڕاگه‌یاندنی زانكۆ سه‌ردانی سیروان سرحد خلیفه‌ یونس قائیمقامی نوێ ی قه‌زای دوكانیان كرد و له‌لایه‌ن به‌ڕێزیان و ژماره‌یه‌ك له‌به‌ڕێوه‌به‌رانی فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانه‌وه‌ به‌گه‌رمی پێشوازی كران.

له‌ سه‌ردانه‌كه‌دا پ.ی.د.ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی چه‌پكه‌ گوڵی پیرۆزبایی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی پێشكه‌ش به‌ قائیمقامی قه‌زای دوكان كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیه‌وه‌و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست.

باس و خواسی پرۆسه‌ی خوێندن و چاره‌سه‌ری كێشه‌و گرفته‌كانی خوێندكاران له‌سنوری قه‌زاكه‌دا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی سه‌ردانه‌كه‌بوو ، چونكه‌ ته‌نها دامه‌زراوه‌ی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌قه‌زای دوكاندا ته‌نها دامه‌زراوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی سه‌ربه‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانییه‌ ئه‌ویش په‌یمانگای ته‌كنیكی دوكانه‌ .

له‌به‌رامبه‌ردا سیروان سرحد له‌پاش خۆشحاڵی خۆی به‌سه‌ردانه‌كه‌ هه‌موو پشتیوانی و هاوكارییه‌كی ئیداری خۆی له‌به‌رامبه‌ر به‌ خزمه‌تكردنی توێژی خوێندكاران دوپاتكرده‌وه‌.

پاشان پ.ی.د.ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌هاوڕێیه‌تی قائیمقامی قه‌زای دوكان و وه‌فدی یاوه‌ریان ڕاگرایه‌تی په‌یمانگای ته‌كنیكی دوكانیان به‌سه‌ركرده‌وه‌و له‌لایه‌ن ڕاگرو ژماره‌یه‌ك له‌مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ به‌گه‌رمی پێشوازیان لێكرا.

له‌به‌سه‌ركردنه‌وه‌كه‌دا باس له‌ چۆنێتی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی خوێندن له‌ په‌یمانگای ته‌كنیكی دوكان كراو له‌به‌رامبه‌ر به‌ پێداویستییه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كاندا پ.ی.د.ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و سیروان سرحد قائیمقامی قه‌زای دوكان هه‌موو پشتگیری و پشتیوانییه‌كی خۆیان دوپات كرده‌وه‌ له‌پێناو زیاتر خزمه‌تگه‌یاندن به‌ خوێندكارانی ئازیزی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ .

له‌كۆتاییدا سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی هیوای خواست له‌داهاتوییه‌كی نزیكدا به‌هاوكاری ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆلێجیك یان زانكۆیه‌كی تایبه‌تمه‌ند به‌ناوچه‌كه‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌تایبه‌تتر بۆ فراوانتركردن و خزمه‌تكردنی بواری گه‌شت و گوزار كه‌ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ گرنگی زیاتری پێبدرێت.