زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی تارانی پزیشكیی گەیشتنە لێكتێگەیشتنێك

  • ئایار 8, 2019
  • 214 Views
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی تارانی پزیشكیی گەیشتنە لێكتێگەیشتنێك

بەمەبەستی ئەنجامدانی سەرجەم ئەو پسپۆریانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا بۆ بوارە تەندروستییەپزیشكییەكان پێویستن، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی تارانی پزیشكیی لێكتێگەیشتنێكیان واژۆكرد.

وەفدێكی كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سەردانی زانكۆی تارانی پزیشكیی كرد بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵای یەك ساڵەی پیشەیی لە بوارەكانی ( شیكاری نەخۆشییەكان، تەندروستی كۆمەڵ، پەرستاری)، سەرەتا لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی تارانی پزیشكییەوە پێشوازییان لێكراو پاشانیش وەفدەكە لەگەڵ بەرپرسە سەرەكییەكانی هەریەك لە سكۆڵەكانی پەرستاری و مامانی و تەندروستی كۆمەڵ و شیكاری نەخۆشییەكان كۆبوونەوە و گفتوگۆی زانستی چڕیان ئەنجامدا بۆ چۆنێتی هەماهەنگیكردن لە كردنەوەی دبلۆمی باڵای پیشەیی یەك ساڵەی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا.

هەر لەدرێژەی سەردانەكەیدا وەفدی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی چاوی كەوت بە یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی تارانی پزیشكی بۆ كاروباری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و لە دانیشتنێكدا گەیشتنە ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی دوو لایەنە بۆ ئەنجامدانی سەرجەم ئەو پسپۆریانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا بۆ بوارە تەندروستییە پزیشكییەكان پێویستن و زانكۆی تارانی پزیشكیش لەداهاتوودا دەتوانێت هاوكار و هەماهەنگ بێت، لەدوای وەرگرتنی رەزامەندی پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سەرجەم ئەو پسپۆرییانە بەشێوەیەكی رەسمی رادەگەیەندرێن و خوازیارانیش دەتوانن بە پێی یاساو رێنماییە ئامادەكراوەكان دۆكیۆمێنتەكانیان پێشكەش بكەن بۆ خوێندن.

شایەنی باسە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە چالاكییە نێوەدەوڵەتییەكاندا هەنگاوی گەورەی ناوە و خزمەتێكی بەرچاوی كردووە كە تائێستا 68 رێككەوتننامە و لێكتێگەیشتنی لەگەڵ زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكانی ناوخۆ و دەرەوە ئەنجامداوە و یەكێكە لە زانكۆ بەشداربووەكانی پرۆژەی تایگرێس كە تایبەتە بە نێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی كوردستان.