زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و بریتش ئەكادیمی وۆركشۆپێكی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدەن

  • ئایار 30, 2019
  • 150 Views
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و بریتش ئەكادیمی وۆركشۆپێكی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدەن

بەمەبەستی بەرزكردنەوەی توانای بڵاوكردنەوەی توێژەران و ئەكادیمیانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری عێراق لە گۆڤارە ئاست بەرزە نێودەوڵەتییەكان و ئاشنا كردنیانە بە میتۆدەكانی توێژینەوەی نێوپسپۆڕی، گرووپی توێژینەوەی كەلەپووری كولتووریی دیجیتاڵی سەر بە سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، وۆركشۆپێكی نێودەوڵەتی بەناونیشانی “پراكتیزە باشەكان لە بڵاوكردنەوەی ئەكادیمی دا” بەهاوبەشی لەگەڵ پڕۆفیسۆر و ئەكادیمی و پسپۆڕانی دەزگا ئەكادیمییە بەڕیتانیەكان ئەنجامدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2019/5/30 سەعات 10ی سەرلەبەیانی لە هۆڵی پیرەمێردی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، بەئامادەبوونی پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و پ.د.سۆران ئەبوبەكر یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و ژمارەیەك لە راگرانی كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆ و مامۆستایان و توێژەران، وۆركشۆپی نێودەوڵەتی “پراكتیزە باشەكان لە بڵاوكردنەوەی ئەكادیمی دا” دەستیپێكرد.

سەرەتا د.ڕۆژین كەمال سەرۆكی گرووپی توێژینەوەی كەلەپووری كولتووریی دیجیتاڵی و مامۆستا لە بەشی پلانسازی شار لە كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاریی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتەی بەخێرهاتنی پێشكەشكرد و باسی لە ئامانج و گرنگی وۆركشۆپەكە كرد لەسەر نووسین و بڵاوكردنەوەی ئەكادیمیی كە گرنگییەكی تایبەتی دەبێت لە بەرزكردنەوەی توانای بڵاوكردنەوەی توێژەران و ئەكادیمیانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری عێراق لە گۆڤارە ئاست بەرزە نێودەوڵەتییەكان و ئاشناكردنیانە بە میتۆدەكانی توێژینەوەی نێوپسپۆڕی.

پاشان پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتەیەكی پێشكەشكرد و تێیدا پیشتوانی سەرۆكایەتی و ئەنجومەنی زانكۆی بۆ ئەنجامدان و بەردەوامیدان بەم جۆرە وۆركشۆپ و چالاكییە ئەكادیمی و نێودەوڵەتیانە دووپاتكردەوە و رایگەیاند: زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری خوێندكارەكانی و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی لە زانكۆدا هەنگاوی گەورەی ناوە و بەردەوام دەبێت.

شایەنی باسە ئەم وۆركشۆپە كراوەیە دەستپێكی زنجیرە وۆركشۆپێكی داخراوە لەسەر نووسینی ئەكادیمی و چۆنیەتی ئەنجامدانی توێژینەوەی نێوپسپۆڕی و بڵاوكردنەوە لە گۆڤارە ئاست بەرزە نێودەوڵەتیەكانی زانستە كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتیەكان و نووسینی گرانت، كە لەیەلان بریتش ئەكادیمی فەندكراوە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ و نیو بەردەوام دەبێت بۆ 30 ئەكادیمی خاوەن دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و شارەكانی تری بەشی سەرەوەی عێراق كە بەپێشكەشكردن و كێبڕكێ وەرگیراون، ئەم زنجیرە وۆركشۆپەی لە 5/30 بۆ 6/1 بەردەوام دەبێت لە سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی یەكێكە لە دوو زنجیرە وۆركشۆپەكەی كە لەسەر ئاستی عێراق تەنها لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی كوفە ئەنجام دەدرێت لە ماوەی ئەمساڵدا.

وۆركشۆپەكان بەفەندی دەزگای بەناوبانگی “ئەكادیمیایی بەڕیتانی” ڕێكخراوە كە لە ماوەی پێشوودا لەلایەن بەڕێزان د.مهیار كازم لە زانكۆیUCL ی و تۆڕی نەهرەینی بەڕیتانی و د.ڕۆژین كەمال (لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی) و د.جەعفەر لە زانكۆی قادسیە و كوفەوە بەدەستهێنرا .