پێنجوێن: دوو به‌شی زانستی سه‌ر به‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كرایه‌وه‌

  • حوزه‌یران 15, 2019
  • 300 Views
پێنجوێن: دوو به‌شی زانستی سه‌ر به‌زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كرایه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون و به‌دواداچوونی كردنه‌وه‌ی دووبه‌شی زانستی له‌ قه‌زای پێنجوێن، به‌ڕێز د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ یاوه‌ری پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و سه‌رۆكی زانكۆكانی (سلێمانی و سۆران و كۆمار) قه‌زای پێنجوێنیان به‌سه‌ركرده‌وه‌و سه‌ردانی هه‌ردوو به‌شی زانستی (په‌رستاری و كارگێری)یان كرد كه‌سه‌ر به‌ په‌یمانگای ته‌كنیكی سلێمانیه‌.

له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 15 ی حوزه‌یرانی 2019 وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی سه‌رجه‌م هۆڵه‌كانی خوێندن و به‌شه‌كانی خوێندنی باڵای له‌قه‌زای پێنجوێن به‌سه‌ركرده‌وه‌و خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌ ته‌واوبوونی بینای خوێندن و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خوێندن و ڕایگه‌یاند هه‌رچی له‌ده‌ستمان بێت بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی به‌شه‌ره‌فی پێنجوێن و ده‌وروبه‌ری درێغی ناكه‌ین و هه‌میشه‌ پشتیوانیان ده‌بین.

له‌ ووته‌یه‌كیدا سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بۆ سایتی زانكۆ ووتی:

له‌ پێناو خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان و خوێندكارانی خۆشه‌ویستی قه‌زای پێنجوێن و پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێنه‌ی كه‌له‌م قه‌زایه‌دا هه‌بوو كه‌ هیچ ناوه‌ندێكی خوێندنی باڵای تیادا نه‌بوه‌ ،له‌سه‌ر بڕیاری به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ڕه‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا پار ساڵ ده‌ستمانكرد به‌ ئاماده‌سازی بۆ كردنه‌وه‌ی دوو به‌شی زانستی كه‌ هه‌ردوو به‌شی (په‌رستاری و كارگێڕییه‌) له‌ قه‌زای پێنجوێندا كه‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی په‌یمانگاو له‌دوایشدا كۆلێج.

هه‌روه‌ها ووتی به‌سوپاسه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری له‌ناو بیناكه‌ی خۆیاندا جێی ئه‌و دووبه‌شه‌یان بۆ كردوینه‌ته‌وه‌ و پاشان به‌ ڕه‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو له‌سه‌ر بودجه‌ی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ هه‌ستاین به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌شێكی بیناكه‌و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خوێندن، وه‌ بڕیاره‌ ئه‌مساڵ ئه‌م دوو به‌شه‌ زانستییه‌ بۆ خوێندنی 2019-2020 خوێندكار وه‌ربگرێت . به‌ناوی خۆمانه‌وه‌ له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی پیرۆزبایی كردنه‌وه‌ی خوێندنی باڵا له‌م قه‌زا خۆشه‌ویسته‌ ده‌كه‌ین و ده‌خوازین له‌كه‌مترین كاتدا بیانكه‌ینه‌ خاوه‌نی په‌یمانگاو كۆلێجی تایبه‌ت به‌خۆیان.

ڕێباز حمه‌امین وه‌ك نوێنه‌ری په‌یمانگای ته‌كنیكی سلێمانی بۆ ئیش و كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی هه‌ردوو به‌شی زانستی له‌ قه‌زای پێنجوێن ووتی:

جێی ده‌ستخۆشیه‌ كه‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی وه‌ك یه‌كه‌م دامه‌زراوه‌ی خوێندنی باڵا هه‌ستا به‌ كردنه‌وه‌ی دوو به‌شی زانستی له‌م قه‌زایه‌دا. ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی ئه‌رێنییه‌ به‌ ئاراسته‌ی گه‌وره‌تر كردنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ و خزمه‌تگه‌یاندن به‌ خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌و خوێندكاران چونكه‌ تا ئێستا خوێندكارانی قه‌زای پێنجوێن له‌دوای ته‌واوكردنی قۆناغی ئاماده‌یی ڕوو له‌ شاره‌كانی تر ده‌كه‌ن بۆ ته‌واو كردنی خوێندن.