ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە قەزای دوكان كۆبوویەوە و چەند بڕیارێكی گرنگی دەكرد

  • حوزه‌یران 17, 2019
  • 480 Views
ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە قەزای دوكان كۆبوویەوە و چەند بڕیارێكی گرنگی دەكرد

بەسەرپەرشتی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە قەزای دوكان كۆبوویەوە و چەند بڕیارێكی گرنگی دەكرد، كە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستپێكردنەوەی خوێندنی ماستەر لە زانكۆكانی كوردستان ڕاگەیاند، بەتایبەت بۆ ئەو بەش و كۆلێژانەی كە پێویستی هەنوكەیی بازاڕی كاری كوردستانن.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا د.یوسف گۆران سەرۆكی ئەنجومەنی وەزارەت ئاماژەی بە پێویستی دەركردنی رێنمایی نوێ بۆ كردنەوەی خوێندنی ماستەر بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠) دوپاكردەوە و ڕایگەیاند: لە كۆتایی ئەمساڵدا بەپێی مەرج و ڕێنمایی نوێ دەستپێكردنەوەی خوێندنی ماستەر لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە، بەتایبەت بۆ ئەو بەش و پسپۆڕیانەی پێویستی هەنوكەیی بازاڕی كاری كوردستانن.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا تاوتوێی پلانی زانكۆكان بۆ خوێندنی بالڵا ماستەر/ دكتۆرا لە دەرەوەی وڵات و پێویستی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كرا، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران وتی: بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر داواكاری بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات هەیە، بۆیە دەبێت لێرە بەدواوە بەپێی پلان و پێویستی زانكۆكان، مامۆستا و فەرمانبەران بۆ خوێندن رەوانەی دەرەوە بكرێن، ئەوەشی راگەیاند: هەر كۆلێژ و بەشێك پلانی خۆی بەپێی پێویستی بۆ وەزارەت بەرزدەكاتەوە، لە وەزارەتیش لەسەر بنەمای ئەو پلانە رەزامەندی دەدرێت، وتیشی: ئامانج لەو كارە ئەوەیە، كە ئێمە وەك ئەنجومەنی وەزارەت دەمانەوێت بەپێی پێویستی خەڵك ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بكەین، ئاشكراشیكرد بۆ ئەو خوازیارانەی لە وەزارەتەكانی دیكە فەرمانبەرن، داوامان كردوە وەزارەتەكان پلانەكانیان بۆ وەزارەتی پلاندان ڕەوانە بكەن، تا دواتر بەپێی پلان و پێویستی پسپۆڕییەكانی وەزارەتەكان مۆڵەت بدرێ بەخوازیارانی خوێندنی باڵا بۆ‌ دەرەوەی وڵات.

هەر لەو كۆبونەوەیەدا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزارەت بەگرنگیەوە باسی لە سیستمی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەكان كرد و وتی: بۆ ساڵی خوێندنی (2019-2020) هەمو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی خوێندكاران لە زوترین كاتدا دەست بەخوێندن بكەن، بەتایبەت خوێندكارانی قۆناخی یەكەم، لەو چوارچێوەیەشدا ڕایگەیاند: دەستپێكردنی دەوامی خوێندكاران لە كاتی خوێدا كارئاسانیمان بۆ دەكات بۆ جێبەجێكردنی چەند سیستمێكی نێودەوڵەتی لە زانكۆكان، بۆ ئەوەش دوای تاوتوێكردنی لایەنەكانی بابەتەكەو خستنەڕوی پێشنیازەكانی لێژنەی باڵای وەرگرتن، كۆبونەوەكە ئەم بڕیارانەیدا:

پرسی ڕێكخستنەوەی پەیكەری كارگێڕی لە دامودەزگاكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تەوەرێكی دیكە بوو لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەو بارەیەوە د. خەتاب ئەحمەد شێخانی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كارگێڕی دارایی ئاماژەی بەوە كرد لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەردەوامن لەگفتوگۆكردن، تایبەت بە زانكۆكانیش وتی زانكۆكان تایبەتمەندییان هەیەو هەر یەك لە زانكۆكان پلان و بەرنامەی تایبەت بەخۆیان هەیەو بەرپرسن لە داڕشتنی پەیكەری كارگێڕی خۆیان.

لەبارەی پێدانی نازناوی زانستی بۆ ئەوانەی كە كۆنمرەی بەكالۆریۆسیان لە (٦٠%) كەمترە، دوای خستنەڕوی پێشنیازی لێژنەی تایبەتمەند كە پێشوتر بۆ ئەم مەبەستە دیاریكرابو، دوای گفتوگۆ و وەرگرتنی سەرنج و پێشنیارەكان بڕیاردرا دوای زانینی ژمارەی ئەو كەسانە بڕیار لەبارەی ئەم بابەتەوە دەدرێت.

سەبارەت بە بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی زانستی لەو زانكۆیانەی كە خوێندكاری دكتۆرایان هەیە، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا خوێندكاری دكتۆرا دەبێت توێژینەوەیەك لە (پۆمسۆن ریۆتەر) بڵاوبكاتەوە، ئەگەر توێژینەوەی لە (پۆمسۆن ریۆتەر) نەبوو پێویستە دوو توێژینەوە یەكێك لە (سكۆپەس) و ئەوی تریان توێژینەوەیەكی (مەحكەم) بەپێی پێوەرەكانی (نور) تایبەت بە ڕیزبەندی نیشتیمانی زانكۆكان بڵاوبكاتەوە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا و لە تەوەری تایبەت بەكاروباری زانستی و قوتابیان/ خوێندكاران چەند بابەتێك تاوتوێكران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.