بەپێشكەشكردنی توێژینەوەیەك مامۆستایەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەشداری كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی دەكات

  • ته‌مموز 10, 2019
  • 372 Views
بەپێشكەشكردنی توێژینەوەیەك مامۆستایەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەشداری كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی دەكات

د.شوان ئادەم ئەیڤەس وەك توێژەرێك و مامۆستایەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانكۆی میدیڵسێكس لەندەن بەپێشكەشكردنی توێژینەوەیەك لەبارەی «ئاڕاستەكانی رۆڵی پیشەیی رۆژنامەوانانی هەرێمی كوردستان » بەشدارییكرد.

لەچوارچێوەی دەرەنجامەكانی توێژینەوەیەكەیدا، د.شوان ئادەم ئاماژەی بەوەدا كە بەهۆی سنوورداریی رۆژنامەگەرییەكی پیشەیی بەرپرسیارەوە، زۆرینەی رۆژنامەوانان دەستیان لەو بەها و رۆڵە پیشەییانە هەڵگرتووە كە پیشەكەیان لێیان دەخوازێت، بەجۆرێك ئێستا رۆژنامەوانان بەسەر كارنامەی ئایدیۆلۆژیی پارەپێدەر و خاوەنی ئەو راگەیاندنانەدا دابەشبوون كە تیایدا ئیش دەكەن. هەروەك جەختیكردەوە كە بەهۆی جیاكاریی رەگەزیی و ناپیشەییبوون لە بەڕێوەبردنی دەزگاكانی راگەیاندندا؛ رێژەی بەشداریی نێرینە و هەژمونی نێرسالاریی بەسەر بڕیار و بەرهەم و كاركردنی راگەیاندن لە هەرێمی كوردستاندا پەرەی سەندووە. هاوكات لەسەروەختی قەیران و گرژیی و هەڵمەتەكانی بانگەشەی ھەڵبژاردندا؛ رۆژنامەوانان رۆڵی پیشەیی خۆیان لەبیردەكەن.

سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی كوردیی كە ساڵانە لەلایەن زانكۆی میدیڵسێكس لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت. ئەمساڵ لەژێر ناونیشانی «وەرچەرخانی دینامیكییەتی پرسی كورد لەرۆژهەڵاتێكی ناوەڕاستی گۆڕاودا» و لە چوارچێوەی 24 پانێڵدا و لە ماوەی دوو رۆژدا 80 توێژینەوە لە 22 وڵاتی جیاوازەوە پێشكەشكران.

بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی ناو و ناوەخنی كۆنفرانسەكە و ئامانجەكانی، گرتە لەم لینكە بكە.