سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی تەندروستی و زانستە پزیشكییەكان لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد

  • ته‌مموز 23, 2019
  • 324 Views
سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی تەندروستی و زانستە پزیشكییەكان لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد

بەئامانجی بەرەوپێشبردنی بواری تەندروستی و پزیشكی لە هەرێمی كوردستان و عیراق، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستی بواری پزیشكی و تەندروستی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، كە تێیدا 43 توێژینەوەی زانستی پێشكەشكران.

ئەمڕۆ سێشەممە 2019/7/23 بەچاودێری د.ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەسەرپەرشتی پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و ئامادەبوونی بەرپرسانی حكومی و بە بەشداری چەندین توێژەری بیانی و ناوخۆیی و ژمارەیەكی بەرچاو لە پزیشكان و مامۆستایانی زانكۆ و خوێندكاران، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی – كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی هەستا بە ئەنجامدانی سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی تەندروستی و زانستە پزیشكییەكانی ساڵانەی خۆی لەژێر ناونیشانی ( بەرەو توێژینەوەی پزیشكی پێشكەوتوو ) كە لە هۆڵی كۆنفرانسی شاری پزیشكی فاروق لە سلێمانی بەڕێوەچوو.

سەرەتای كۆنفرانسەكە بە ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد و پاشان لەلایەن د.محەمەد بابەكر راگری كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی وتەی بەخێرهاتن پێشكەشكرا كە تێیدا ئاماژەی بە گرنگی و ئامانجی كۆنفرانسەكە كرد لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كە هەنگاوێكی گرنگە بە ئاڕاستەی بەرەوپێشردنی كەرتی تەندروستی لە رێگەی توێژینەوەی ئاست بەرزەوە، هەروەها ناوبراو وتی: 84 توێژینەوە پێشكەش بە لیژنەی زانستی كۆنفراسەكە كراوە، دوای هەڵسەنگاندن لەو رێژەیە 43 توێژنەوەیان سەركەوتنی بەدەستهێناوە تا پێشكەش بە لایەنی پەیوەندیدار بكرێن و بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە و كاریان لەسەر بكرێت.

پاشان لە وتەیەكدا پ.ی.د.ئالان فەریدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتی: بۆ سیستمێكی تەندروستی باشتر بۆ توێژینەوەی پزیشكی پێشكەوتوو ئەم كۆنفرانسە ئەنجام دەدەین، ئەم كۆنفرانسەش یەكێكە لە چالاكییەكانی ساڵانەی زانكۆمان كە ماوەی سێ ساڵە ئەم چالاكییە زانستییە بەهاوبەشی لەگەڵ شاری پزیشكی فاروق ئەنجام دەدەین، بۆیە لێرەوە زۆر سوپاسیان دەكەین، هەروەها زۆر سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەكەین كە هەمیشە هاوكارمان بوون لە كاری زانستیدا.

لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئاماژەی بە كار و چالاكییەكانی زانكۆ كرد لە ماوەی رابردوودا كە بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەشێوەیەك لە ساڵی 2018-2019دا زیاتر لە 55 چالاكی رەسەن و ئاستبەرزی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ئەنجامداوە هەروەها بەدەستهێنانی 96،372 ئیمپاكت فاكتەری توێژینەوەی زانستی، وە زیادبوونی ژمارەی پرۆفیسۆر و یاریدەدەری پرۆفیسۆر بەڕێژەی 300% هەروەها ئەنجامدانی زیاتر لە 70 رێككەوتننامەی زانكۆی و ئەكادیمیی لەگەڵ زانكۆكانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.

شایەنی باسە ژمارەیەك خوێندكاری دەرچووی كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كە بە چەند توێژینەوەیەك بەشدارییان لە كۆنفرانسەكەدا كردبوو لەلایەن توێژەران و ئامادەبووانی كۆنفرانسەكەوە بەسەركرانەوە و ئەوانیش گرنگی و ئامانجی توێژینەوەكانیان بۆ خستنەڕوو.

دواتر لە سێ هۆڵی سەرەكی شاری پزیشكی فاروق لەلایەن توێژەرانەوە هەر 43 توێژینەوەكە پێشكەشكران و گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، وە كۆنفرانسەكە لە كاتژمێر 9ی سەرلەبەیانییەوە تا 4ی ئێوارە بەردەوام بوو.