كارنامەی چوار ساڵی كاركردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا گفتوگۆی لەبارەوە كرا

  • ته‌مموز 24, 2019
  • 382 Views
كارنامەی چوار ساڵی كاركردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا گفتوگۆی لەبارەوە كرا

لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كە بە ئامادەبوونی سەرجەم سەرۆك زانكۆكان بەڕێوەچوو، كارنامەی چوار ساڵی كاركردنی وەزارەت گفتوگۆی لەبارەوە كراو لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییش جەخت لەسەر بەرزكردنەوەی كوالێتی خوێندن و پێشخستنی ئاستی زانستی و ئەكادیمی زانكۆكان كرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەمە 2019/7/24 ئەنجومەنی وەزارەت كۆبوونەوەی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٩ی بەسەرپەرشتی د.ئارام محمد قادر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزارەت و ئامادەبوونی سەرجەم سەرۆك زانكۆكان ئەنجامدا.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەیەكدا: سوپاسی سەرجەم ئەو بەڕێزانەی كرد كە لە ڕابردوو وەك وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خزمەتیان كردوەو ئەو سەرۆك زانكۆیانەشی كە لەسەرەتاوە تا ئێستا بەردەوامن لە خزمەتكردن و ئەوانەشی كە خانەنشین بونە یاخود كۆچی دواییان كردوەو جێ پەنجەو رۆڵیان لە بواری خوێندنی باڵای كوردستان دیارە.

لەبارەی دەستبەكاربون و خزمەتكردن بە بواری خوێندنی باڵای كوردستان، د. ئارام محمد وتی: ئومێدەوارین بە پشتیوانی هەمولایەك لەم كاروانەی دەستمان پێكردوە قۆناخ بە قۆناخ هەنگاو بنێین بۆ پێشخستنی كەرتەكەو بتوانین بەو توانا مرۆییانەی لەم وەزارەتەدا هەیە ریفۆرمی خوێندنی باڵای كوردستان پەرەپێبدەین، چونكە سێكتەری خوێندنی باڵا یەكێكە لە سێكستەرە گرنگەكانی كوردستان و وەك مەسەلەیەكی نیشتیمانی و نەتەوەیی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین.

سەبارەت بە كوالێتی خوێندن و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی زانكۆكان، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزارەت ڕایگەیاند: جەختكردنەوە لەسەر كوالێتی خوێندن و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و ئەكادیمی و بەنێودەوڵەتی كردنی زانكۆكانی كوردستان و جێبەجێكردنی سیستمە نێودەوڵەتیەكان، ئەولەویاتی كاركردنمان دەبێت لەم وەزارەتە، ئەمەش پشوو درێژی و شەونخونی بەردەوامی دەوێت بە پشتیوانی هەمووان دەتوانین قۆناخ بە قۆناخ ئەم ئەركە پیرۆز و گرنگە جێبەجێ بكەین.

د. ئارام محمد بۆ ئامادەكردنی كارنامەی چوار ساڵی كاركردن ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەكانی راسپاردوە لەژێر رۆشنایی هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەم، بەرنامەی كارەكانی وەزارەت دابڕێژن و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی بكەین بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و بخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە، بۆیەش ئەمڕۆ هەمومان لێرە كۆبوینەتەوە بۆ تاوتوێكردنی پلان و بەرنامەی چوار ساڵی كاركردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

سەرۆكی ئەنجومەنی وەزارەت ئاماژەی بە گرینگترین تەوەرو بابەتەكانی درافتی بەرنامەی كاری وەزارەت كرد كە ئەوانیش پەرەپێدان و بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆكان لەڕوی كوالێتی و فەراهەمكردنی دەرفەتی لەبار بۆ خوێندن و دەرفەتی گەشەكردنی توێژینەوەی زانستی و گرنگیدان بە زانكۆ و پەیمانگەكان و پێداچونەوە بە كوالێتی زانستیان و گەشەپێدانی ڕیفۆرمی كارگێڕی و دارایی و چەندین بابەتی دیكە.

سەرۆكی ئەنجومەنی وەزارەت لەبەشێكی دیكەی وتەكەیدا جەختی كردەوە لەسەر دڕافتی كارنامەی وەزارەت بۆ چوار ساڵی ئایندە، بۆ ئەمەش وتی لەم كارنامەیەدا ئەو بنەمایە دەچەسپێنێت كە واقعی كارگێڕی و ئابوری هاوكار دەبێ بۆ دەستەبەركردنیان. بۆیە كار لەسەر ئەو پرۆژەو بەرنامانە دەكەین كە پێویستی هەنوكەیی سێكتەری خوێندنی باڵای كوردستانە كە بەتوانای هەمولایەك دەتوانین جێبەجێی بكەین، بۆ نمونە فراوانكردنی ڕەهەندی بەنێودەوڵەتی كردنی زانكۆكانمان و جێبەجێكردنی بۆلۆنیا پرۆسێس ئەم پرۆژانەن كە لەلایەن بەڕێزان سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پشتیگری تەواومان دەكرێت.

لەبەشێكی دیكەی وتەكەیدا د. ئارام محمد ئاماژەی بە درافتی كارنامەی چوار ساڵی كاركردن كردو ڕایگەیاند: ئەم دڕافتەی ئامادەكراوە بە بیرو بۆچوون و تێبینی سەرۆك زانكۆكان زیاتر دەوڵەمەند دەكرێت، بۆ ئەمەش لێژنەیەكی تایبەتمەند دروست دەكەین بۆ ئەوەی لەماوەی هەفتەیەكدا سەرجەم پێشنیازو بیرو بۆچونی زانكۆكان و مامۆستایانی زانكۆ كۆبكاتەوەو پێشكەشی بكات بۆ ئەوەی لەناو دڕافتەكە جێگەی بۆ بكرێتەوەو دواتر بكرێت بە كارنامەی وەزارەت و بەرزبكرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران. بۆ ئەوەی مامۆستایانی زانكۆش بەشداری لە دەوڵەمەندكردنی كارنامەی وەزارەت بكەن، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند مامۆستایانی زانكۆش دەتوانن لەڕێگەی ئیمێڵێكی تایبەتەوە كە دواتر بڵاودەكرێتەوە، سەرجەم مامۆستایانی زانكۆكانی كوردستانیش دەتوانن ڕاو پێشنیازیان بۆ دەوڵەمەندكردنی كارنامەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بخەنەڕوو.

لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا هەریەك لە سەرۆك زانكۆكان ڕاو پێشنیازی خۆیان لەبارەی خاڵە سەرەكییەكانی دڕافتی كارنامەی چوار ساڵی كاركردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خستەڕوو، بەتایبەت ئەو پرۆژە گرنگ و ستراتیژیانەی هۆكارن بۆ پێشخستنی كەرتی خوێندنی باڵای كوردستان.

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەت