سیستمی بۆلۆنیا لە زانكۆ پۆلیتەكنیكییەكانی كوردستان جێبەجێ دەكرێت

  • ته‌مموز 25, 2019
  • 503 Views
سیستمی بۆلۆنیا لە زانكۆ پۆلیتەكنیكییەكانی كوردستان جێبەجێ دەكرێت

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لەبە ڕۆشنیای بۆلۆنیا پرۆسێس كاردەكەین بۆ داڕشتنەوەی چوارچێوەی بڕوانامەكانی خوێندن و یەكەكانی خوێندن و ئاكامەكانی پرۆسەی خوێندن و فێركردن لە زانكۆكان، بەشێوەیەك لەگەڵ سیستم و تایبەتمەندیەكانی خوێندنی باڵا لەسەدەی بیست و یەك هاوتەریب بێت.

ئەم ڕاگەیاندنەی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەمیانی كۆبونەوەیەكدا هات لەگەڵ وەفدێكی ڕێكخراوی یونسكۆ، كە لەدیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو.

لەو كۆبونەوەیەدا كە هەریەك لە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت و یاریدەدەری سەرۆك زانكۆ پۆلیتەكنیكیەكان ئامادەیبون، سەرەتا (رۆری رۆبێرت تشاد) بەڕێوەبەری نوسینگەی یونسكۆ بەوەكالەت و بەڕێوەبەری پڕۆژەی چاكسازی خوێندن و ڕاهێنانی پیشەیی و تەكنیكی و (د. ئان كاپرین ئیسحاق) شارەزای نێودەوڵەتی لە بواری سیستمی بۆلۆنیا لە دوو وتەی جیادا سوپاسی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیان كرد بۆ ئەم دەرفەتە، دواتر باسیان لە ئەنجامدانی سێ وۆرك شۆپ لە زانكۆ پۆلیتەكنیكیەكانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆك) كرد، كە ئامانج لە سازكردنی ئەم وۆرك شۆپانە جێەجێكردن و بەرەوپێشچونی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی سیستمی بۆلۆنیا بوە لە زانكۆ پۆلیتەكنیكیەكان، وتیشی بابەتەكانمان لەبواری بەرەو پێشبردنی پرۆگرامەكان و تواناكان و چۆنیەتی دۆزینەوەی هەلی كار و پێشخستنی بواری پیشەیی كە بازاڕی كار پێویستیەتی، هەروەها گرنگی دان بە بواری تەكنیكی و خوێندنی پیشەیی لە هەرێمی كوردستان.

لەلایەن خۆیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سوپاس و بەخێرهاتنی وەفدی ڕێكخراوی یونسكۆی كرد و ڕایگەیاند: یونسكۆ لەڕابردوو بۆ وەزارەتەكەمان هاوكارو هەماهەنگ بوە، بەڵام ئەوەی دەیبینین بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی دژ بە داعش و كۆمەلێك بابەتی دیكەوە، پەیوەندیەكانمان وەك پێویست نەبونە، بەڵام ئێستا قۆناخێكی تازەیەو دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق بەرەو پێشچونی باشتری بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە بە بایەخەوە لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ڕێكخراوی یونسكۆ دەڕوانم و ئامانجمانە ئەو پەیوەندیانە لەسەر ئاستی فراوانتر و پرۆژەی نوێتر پەرەپێبدەین، بۆ ئەمەش وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: دەمانەوێت پڕۆژەكانی یونسكۆ لەمەودوا بەشێوەیەك بێت لەگەڵ ستراتیژی وەزارەتەكەمان بەتەواوی یەكانگیر بێت و خۆی لە سێكتەری خوێندنی باڵا بەباشی ببینێتەوە، بەتایبەت لە بوارەكانی چەسپاندنی دڵنیای جۆری و متمانە بەخشین و جێبەجێ كردنی بۆلۆنیا پرۆسێس و ڕیفۆرمی خوێندنی تەكنیكی لە زانكۆ پۆلیتەكنیكیەكان.

لە كۆتایی قسەكانیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوپاتیكردەوە لەبەر ڕۆشنیای بۆلۆنیا پرۆسێس كاردەكەین بۆ داڕشتنەوەی چوارچێوەی بڕوانامەكانی خوێندن و یەكەكانی خوێندن و ئاكامەكانی پرۆسەی خوێندن و فێركردن لە زانكۆكان، بەجۆرێك لەگەڵ سیستم و تایبەتمەندیەكانی خوێندنی باڵا لەسەدەی بیست و یەك هاوتەریب بێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا هەریەك لە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت و یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ پۆلیتەكنیكیەكان باسیان لە كارەكانی یونسكۆ لەبورای خوێندنی باڵا و جێبەجێكردنی سیستمی بۆلۆنیا لە زانكۆ پۆلیتەكنیكیەكان و فراوانكردنی ئەم پڕۆژانە كرد.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەت.