سلێمانی: لە نێوان دوو زانكۆدا رێككەوتننامەیەكی زانستی واژۆكرا

  • ته‌مموز 28, 2019
  • 517 Views
سلێمانی: لە نێوان دوو زانكۆدا رێككەوتننامەیەكی زانستی واژۆكرا

لە چوارچێوەی چالاكییە زانستیی و ئەكادیمییەكاندا و بەئامانجی بەرەوپێشبردنی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، هەردوو زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی (UTM) رێككەوتننامەیەكی زانستییان واژۆكرد.

ئەمڕۆ رێكەوتی 2019/7/28 لە شاری سلێمانی و بەئامادەبوونی پ.ی.د.ئالان فەریدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و فاخر شێخ تەبیب سەرۆكی دەستەی ئەمیندارانی زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی و پ.د.سۆران ئەبوبەكر یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بۆ كاروباری زانستی و شیروان حامد محەمەد بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و پ.د.حەبیبوڵا بن هارون سەرۆكی زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی و د.حارس رەعد جێگری سەرۆكی زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی و هەروەها هاوژین حەسەن بەڕێوبەری كۆمپانیای مایا بۆ پەروەردە و فێركردن، لێكتێگەیشتنێكی زانستی لە نێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی واژۆكرا، بەئامانجی ئەنجامدانی كاری هاوبەشی زانستی و بەرەوپێشبردنی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی شاری سلێمانی.

لەوبارەیەوە پ.ی.د.ئالان فەریدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی رایگەیاند: بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی خوێندنی باڵا پێویستە كاری هاوبەشی زانستی لە نێوان زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا هەبێت، ئەمڕۆش لەو چوارچێوەیەدا لێكتێگەیشتنێكی زانستیمان لەگەڵ زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی واژۆكرد، كە ئەم رێكەوتننامەیە لە چوارچێوەی كاری زانستی هاوبەش و كاری ئەكادیمیی هاوبەشدایە و پێكەوە كار دەكەین بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە بواری كۆمپیوتەر و ئەندازیاریدا لەگەڵ زانكۆكانی مالیزیادا، هەر وەكو لە رابردووشدا زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی چەندین كاری زانستی هاوبەشی لەگەڵ زانكۆكانی مالیزیادا ئەنجامداوە.

سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد: خۆمان بەخۆشحاڵ دەزانین وەكو زانكۆیەكی حكومی لەگەڵ زانكۆ تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان كاری زانستی هاوبەشمان هەبێت، كە ئەمەش بەشێكە لە تێكەڵبوونی كاری زانستی لە نێوان ئەم دوو زانكۆیەدا بەئامانجی بەرەوپێشبردنی خوێندنی باڵا لە هەرێمەكەمان.

زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی لە مانگی 8ی ساڵی 2018 دا دامەزراوە و هاوبەشی هەیە لەگەڵ زانكۆی (UTM) ی مالیزی كە رانكی زانكۆكە لەسەر ئاستی جیهان لە ریزبەندی 217ە، لەئێستاشدا زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی 4 كۆلێجی لە بوارەكانی سەرچاوە مرۆییەكان و زانستی كۆمپیۆتەر و ئەندازیاری لەخۆگرتووە.