لە کارنامەى وەزارەتى خوێندنى باڵا پێشنیازى دامەزراندنى سندوقى قەرزى خوێندکاران دەکرێت

  • ته‌مموز 30, 2019
  • 195 Views
لە کارنامەى وەزارەتى خوێندنى باڵا پێشنیازى دامەزراندنى سندوقى قەرزى خوێندکاران دەکرێت

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆبونەوەى لەگەڵ زانکۆ تایبەتەکانى کوردستان، وەک بەشێک لە کارنامەى کارکردن پێشنیازى دامەزراندنى سندوقى قەرزى خوێندکاران/قوتابیانى ڕاگەیاند، ئامانج لە دامەزراندنى ئەم سندوقە، هاوکارى و پشتیوانى خوێندکاران و ڕەخساندنى دەرفەتى زیاترە بۆیان.

ئەو ڕاگەیاندنەوەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رۆژی دوشەممە ڕێکەوتى (٢٩/٧/٢٠١٩) لەمیانى کۆبونەوەیەک هات لەگەڵ سەرۆک زانکۆ تایبەتەکانى کوردستان، بە مەبەستى وەرگرتنى ڕاو و پێشنیازى زانکۆ تایبەتەکان بۆ ئامادەکردنى پلانى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەت ڕێکخرابوو.

لەو کۆبونەوەیەدا کە هەریەک لە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبوون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم لەگەڵ ئێوە کۆدەبمەوە بۆ ئەوەى گیانى هاوکارى و هەماهەنگى لەنێوانماندا قوڵبکەینەوە، و مەڵۆیەکى تر بخەیەنە سەر خزمەتى خوێندنى باڵاى کوردستان، وتیشی: زانکۆ تایبەتەکان هاوبەشێکى گرنگى گەشەپێدانى خوێندنى باڵا و کۆمەڵگەى ئەکادیمى کوردستانن، بەشداری دەکەن لەپەرەپێدانى تواناو پێگەیاندنى نەوەى تازە لە هەرێمەکەمان و بەشدارن لە ڕەخساندنى دەرفەتى خوێندن بۆ رۆڵەکانى ئەم وڵاتەمان، بۆیە دەبێت لە ئاست چاوەڕوانى خەڵکى کوردستاندابن.

کەرتى تایبەت لە بوارى خوێندنى باڵا رۆڵى زیاترى دەبێت

د. ئارام محمد زیاتر ئاماژەى بەگرنگى کەرتى تایبەت کردو وتى: باوەڕمان وایە کە وەبەرهێنانى کەرتى تایبەت لەبوارى خوێندنى باڵا دەبێت رۆڵ و پێگەى زیاترى هەبێت و پشتیوانى باشتر بکرێت، بۆ ئەمەش وەک وەزارەتەکەمان زەمینەى هاوکارى و هەماهەنگیتان بۆ دەڕەخسێنین، چونکە ئامانجى سەرەکیمان خزمەتکردنە بەکەرتى خوێندنى باڵا لە کوردستان، بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا داواى لە زانکۆ تایبەتەکان کرد له‌چوارچێوه‌ی یاسا و بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی گرنگى زیاتر بە کوالێتى خوێندن و پێشخستنى ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکانیان بدەن و ئەو سیستم و پرۆگرامە نێودەوڵەتیانەى لە زانکۆکان کار بۆ جێبەجێ کردنیان کراوە پەرەى زیاترى پێبدرێت، بەتایبەت جێبەجێکردنى بۆڵۆنیا پرۆسێس و بەجیهانی کردنى زانکۆکان و ببنە مۆدێلێکى نوێى سیستمى خوێندنى باڵا لە هەرێمەکەمان.

پێشنیازى دامەزراندنى سندوقى قەرزى خوێندکاران دەکرێت

د. ئارام محمد وەک بەشێک لە کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پێشنیازى دامەزراندنى سندوقى قەرزى خوێندکاران/قوتابیانى ڕاگه‌یاند، بۆ ئەمەش وتى: ئامانج لە دامەزراندنى ئەم سندوقە، هاوکارى و پشتیوانیکردنى خوێندکاران و قوتابیانە بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى زیاتر بۆیان، ڕوونیشی كرده‌وه‌: كه‌ ئەم سندوقە بەبەشدارى حکومەت و کەرتى تایبەت لەنێویشیاندا زانکۆ تایبەتەکان و هەموو ئەو کەس و لایەنانەى هاوکار دەبن پێکدێت،و لەڕێگەى ئەنجومەنێکەوە کارەکانى ڕاییدەکرێت، وتیشى: لە داهاتودا ئالیەتى گونجاو بۆ کارەکانى ئەم سندوقە لەڕووى کارگێڕى و دارایى ئامادەدەکرێت، کە لە چوارچێوەی پرۆسەیەکى تەواو شەفاف و زەماناتى حکومییەوە کارەکانى بەڕێوەدەبردرێن.

لەبارەى درافتى کارنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، د. ئارام محمد ڕایگەیاند: ئەم دڕافتەى ئامادەکراوە بە بیرو بۆچوون و تێبینى زانکۆ تایبەتەکان زیاتر دەوڵەمەند دەکرێت، بۆ ئەمەش لێژنەیەک لە زانکۆ تایبەتەکان پێکدێت بۆ ئەوەى پێشنیازو بیرو بۆچونى زانکۆکان کۆبکاتەوەو لەناو دڕافتەکەی وه‌زاره‌ت جێگەى بۆ بکرێتەوە.