‎وەزیرى خوێندنى باڵا: پەرەپێدان و بەرزکردنەوەى کوالێتى خوێندن ئامانجى سەرەکیمانە

  • ئاب 20, 2019
  • 148 Views
‎وەزیرى خوێندنى باڵا: پەرەپێدان و بەرزکردنەوەى کوالێتى خوێندن ئامانجى سەرەکیمانە

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت پەرەپێدانى کوالێتى خوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانکۆکان و بە نێودەوڵەتى کردنیان، ئامانجى سەرەکى و ستراتیژی وەزارەت دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (٢٠/٨/٢٠١٩) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە وەفدێکى کۆمپانیاى (SPECS)ى بەریتانى کە لە بوارى پەرەپێدان و بەرزکردنەوەى کوالێتى و دڵنیاى جۆرى نیشتیمانى کاردەکەن.

لەو دیدارەدا کە هەریەک لە بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، وەفدەکەى کۆمپانیاى (SPECS)ى بەریتانى خۆشحاڵى خۆیان نیشاندا بەسەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامانجى سەردانەکەشیان بۆ  پەرەپێدان و بەرزکردنەوەى کوالێتى و دڵنیاى جۆرى خستەڕوو و مەبەستیانە لەگەڵ تیمى خوێندنى باڵاى کوردستان کار بکەن و بەشداربین لە دانانى پلانى ستراتیژی وەزارەت، بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستانیش بچێتە سەر نەخشەى متمانەى نێودەوڵەتی جیهانییەوە.

لە بەرامبەردا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا دواى بەخێرهێنانى وەفدەکە، ڕایگەیاند: پێداچونەوە بە سیستمى متمانە بەخشین و پەرەپێدانى پرۆگرامەکان و بەرزکردنەوەى کوالێتى خوێندن ئەرکى گرنگ و ستراتیژی وەزارەتەکەمانەو خۆمان لەسەر ئەم ڕێگەیە کاردەکەین و ئامانجمانە کوالێتى خوێندن بەزر بکەینەوەو متمانەى نێودەوڵەتى بۆ زانکۆکانمان بەدەستبهێنین.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: ئامانجامانە ئاستى زانکۆکانمان لە لۆکاڵى بون لە چوارچێوەى هەرێمى کوردستان و عێراق بگۆڕین بۆ ئاستێکى نێودەوڵەتى و جیهانى و کرانەوە بەڕووى تازەترین سیستم و تەکنەلۆژیانى جیهانى. بۆ ئەم هەوڵەش پێویستمان بە تواناو شارەزایی کەسانى پسپۆڕ و لایەنى نێودەوڵەتى و دەرەکى هەیە، بۆ ئەمەش دەرگامان بۆ سەرخستنى ئەم پرۆژانە کراوە دەبێت و هاوکارى تەواو پێشکەش دەکەین.

لە کۆتایى وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر ستافى وەزارەتى ڕاسپارد کە هاوکاربن لەگەڵ کۆمپانیاى ناوبراو بۆ دیراسەکردنى پرۆپۆزەلى پێشکەشکراو، بۆ ئەوەى لەگەڵ سەرخستنى سیاسەت و بەرنامەى ستراتیژى کارکردنى وەزارەت یەکانگیر بێت.

بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەت